بایراکتار دەڵێت، لە هەموو پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان سەنتەری بەرهەمهێنانی درۆن دادەمەزرێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای بایکار رایگەیاند، داهاتی پێشانگەی "ساها" بۆ پیشەسازیی بەرگری بەکاردەهێنن بۆ دامەزراندنی سەنتەری بەرهەمهێنان و راهێنانی درۆن لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان.
هالوک بایراکتار، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای بایکار بۆ پیشەسازیی بەرگری، ئاشکرای کرد کە پلانێکی فراوانیان بۆ گشتگیرکردنی پیشەسازیی درۆن هەیە و گوتی: "بڕیارمان داوە چالاکییەکانمان بۆ هەموو پارێزگاکان فراوان بکەن. لە هەموو پارێزگایەکدا سەنتەرێکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و راهێنان لەسەریان دادەمەزرێنین."
بە گوتەی بایراکتار، گەورەترین سەنتەریان لە ئیستەنبووڵ دەبێت و ئەم ناوەندانە بۆ هەمووان کراوە دەبن، تاوەکو گەنجان بتوانن راهێنان بکەن، بەرهەم بهێنن و فڕۆکەکان تاقیبکەنەوە. ئامانجی کۆتایی ئەو هەنگاوەش ئەوەیە "لە یەک کاتدا توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان لە هەموو وڵاتدا هەبێت."
گەشەی پێشانگەی ساها
بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد، پێشانگەی "ساها ئیستەنبووڵ" کە لە ساڵی 2018 بە بەشداریی 170 کۆمپانیا دەستیپێکرد، ئێستا بووەتە گەورەترین کۆمەڵەی پیشەسازی لە ئەورووپا و زیاتر لە 1300 ئەندامی هەیە.
لەبارەی ئامارەکانی پێشانگەکە، بایراکتار گوتی: "لە ساڵی 2024دا رێککەوتنی هەناردەکردن بە بەهای 6.2 ملیار دۆلار واژۆکراوە، ئامانجمانە ئەمساڵ ئەم ژمارەیە بۆ لانیکەم 8 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە."
پیشەسازیی بەرگری؛ لە 17 کۆمپانیاوە بۆ 3000
بەگوێرەی ئامارەکان، کەرتی پیشەسازیی بەرگری لە تورکیا بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ لە سەرەتای هەزارەی نوێدا تەنیا 17 کۆمپانیای ئەم بوارە هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان لە 3000 کۆمپانیا تێپەڕی کردووە.
بڕیارە پێشانگەی نێودەوڵەتیی "ساها 2026" بۆ پیشەسازیی بەرگری، ئاسمانی و بۆشایی ئاسمان، لە رۆژانی 5 بۆ 9ی ئایاری داهاتوو لە سەنتەری پێشانگەکانی ئیستەنبووڵ بکرێتەوە.
لەڤەنت کەریم ئۆچا، ئەمینداری گشتیی "ساها ئیستەنبووڵ"، زانیاریی لەبارەی پێشانگەکەوە خستەڕوو:
- رووبەر: 400 هەزار مەتر چوارگۆشە.
- بەشداربووان: 1700 کۆمپانیا (263یان بیانین) لە 120 وڵاتەوە.
- سەردانیکەران: پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 200 هەزار کەس بێت.
- دیدارەکان: 30 هەزار دیداری دووقۆڵی (B2B) لەنێوان کۆمپانیاکان.
- داهێنانی نوێ: پەردەلادان لەسەر 203 بەرهەمی نوێ و نمایشکردنی ئۆتۆمبێلی گەڕۆکی سەر هەسارەکان (رۆڤەر).
پێشانگەکە جگە لە نمایشکردنی دوایین تەکنەلۆژیای سەربازی، وەک سەکۆیەک دەبێت بۆ واژۆکردنی 164 رێککەوتنی جیاواز کە تیشک دەخەنە سەر هەناردەکردنی بەرهەمە بەرگرییەکان بۆ وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا و کەنەدا.