سەرۆکی جەهەپە لەبارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری: دەبێت بە یاسا بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) دەڵێت، دەبێ کۆمیسیۆنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان، بە یاسا پێکبهێندرێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، سەبارەت بە پێکهێنانی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان رایگەیاند: ''بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنەکە ببێتە کۆمیسیۆنێکی فەرمیی پەرلەمان، پێش هەموو شتێک پێویستی بە زەوینەیەکی یاساییە. ئەمەش تەنیا بە یاسا دەکرێت''.
ئۆزەل گوتیشی: "ئێمە خۆمان دەڵێین ئەم کێشەیە دەبێت لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت، بەڵام لەسەر بنەمایەکی یاسایی و بەشێوەیەکی شەفاف، بە جۆرێک هیچ گومانێک لای کەس دروست نەکات، بەتایبەتی لای بنەماڵەی شەهیدان. ئێمە هێشتا شتێکی وەها نابینین. رۆژانێکمان لەپێشە، چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین و دواتر ئەنجوومەنی پارتەکەمان کۆدەبێتەوە و بڕیاردەدەین."
سەرۆکی جەهەپە راشیگەیاند: ''با وا دابنێین بڕیاریشمان دا بچینە ناو کۆمیسیۆنەکەوە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە لەنێو پرۆسەکەدا بین و زۆر بەڕوونی راست و هەڵەکان دەستنیشان بکەین. هەر کاتێکیش هەستمان کرد ژینگەیەکی لەوشێوەیە نەماوە، یەکسەر دەکشێینەوە''.
ئۆزەل باسی لەوە کرد: ''ئێمە بەهیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە هیچ هەوڵێک ببێتەهۆی لەنێوبردنی بەها بنەڕەتییەکانی کۆماری تورکیا. نەوەک هەر دژی شتی هەوڵی لەو جۆرە دەوەستینەوە، بەڵکو بە هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆشمان رێگری لێ دەکەین''.
بڕیارە کۆمیسیۆنەکە لە 51 ئەندام پێکبێت و داوا لە ئاکپارتی کراوە 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ سێ ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
ئیی پارتی کە هەر لە سەرەتاوە دژی پرۆسەی چارەسەرییە، لە کۆمیسیۆنەکەدا بەشدار نابێت.
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاژێر 17:00ـی رۆژی 31ـی تەممووز ناوی ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن.