وەیسی ئاکتاش دوای 31 ساڵ لە زیندانی ئیمرالی ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو زیندانییەی بۆ کاری سکرتاریەتی پرۆسەی چارەسەر گوازرابووەوە بۆ دوورگەی ئیمراڵی، ئازادکرا. ئازادکردنەکەی دوای تەواوکردنی سزاکەی، بۆ ماوەی ساڵێک و سێ مانگ دواخرابوو.
وەیسی ئاکتاش، کە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵیی زیندانی بوو، دوای 31 ساڵ و سێ مانگ مانەوە لە زیندان، دوێنێ 25ـی تەممووز ئازاد کرا.
ئاکتاش لە 28ـی نیسانی 2024، بەشێوەیەکی یاسایی ماوەی 30 ساڵ سزاکەی تەواوکردبوو، بەڵام بە بڕیاری "دەستەی بەڕێوەبردن و چاودێری"ی گرتووخانە، ئازادکردنەکەی بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا. دوای تەواوبوونی ساڵەکە، ئازادکردنەکەی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکەش درێژکرایەوە. دواجار، رۆژی 25ـی تەممووز، لە زیندانی ئیمراڵی ئازادکرا.
وەیسی ئاکتاش، لەنێوان ساڵانی 2013-2015 لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکەمی چارەسەریدا، لە ساڵی 2015 بۆ کاری "سکرتارییەت" لەگەڵ محەممەد سەعید یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، چەتین ئارکاش و نەسروڵڵا کوڕان گواسترایەوە بۆ ئیمراڵی.
وەیسی ئاکتاش، لە ساڵی 1990ـەوە یەکێک بوو لە بەرپرسەکانی پەکەکە و کەسێکی نزیکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو. لە ساڵی 1993 لەلایەن میت دەستگیرکرا و دادگە بڕیاری زیندانی تاهەتایەی بەسەردا سەپاند. 31 ساڵ ماوە یاساییەکەی زیندانیکردنی تەواوکرد. بەر لە گواستنەوەی بۆ ئیمراڵی، لە زیندانی کرکاڵە بوو، لە ساڵی 2015ـەوە لە ئیمراڵی مابووەوە.