پاپای ڤاتیکان چوار رۆژ لە تورکیا دەبێت؛ بەرنامەی سەردانەکەی ئاشکرا کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پاپا لیۆی 14ـەم، لە یەکەمین سەردانی فەرمیی خۆیدا بۆ دەرەوەی وڵات، دەچێتە تورکیا. ڤاتیکان وردەکاریی سەردانە چوار رۆژییەکەی پاپای بڵاوکردەوە، کە تێیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە و سەردانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئیزنیک دەکات.
 
پاپا لیۆی 14ـەم، کە شەش مانگ لەمەوبەر وەک پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا، سبەی پێنجشەممە 26-11-2025 دەگاتە تورکیا. بەرنامەی سەردانەکەی تاوەکو 30ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت و دواتر سەردانی لوبنانیش دەکات.
 
بەگوێرەی بەرنامەکە، سبەی پاپا دەگاتە ئەنقەرە و یەکەم وێستگەی سەردانی مەزاری مستەفا کەمال ئەتاتورک دەبێت. دواتر لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا بە فەرمی پێشوازی لێدەکرێت و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە. هەر هەمان رۆژ دوای کۆبوونەوەکانی لە ئەنقەرە، دەچێتە ئیستەنبووڵ.
 
کەنیسە ژێرئاوکەوتووەکەی ئیزنیک
 
رۆژی هەینی، پاپا لەگەڵ پیاوانی ئایینیی کریستیان لە کەنیسەی "سانت ئێسپریت" لە ئیستەنبووڵ کۆدەبێتەوە، دواتر بە هێلیکۆپتەر دەچێتە شارۆچکەی ئیزنیک لە پارێزگای بورسا.
 
ئەمساڵ 1700ـەمین ساڵیادی یەکەمین کۆنسووڵی ئیزنیکە کە بۆ کریستیانەکان گرنگییەکی مێژوویی هەیە. پاپا سەردانی پاشماوەی دێری "سانت نیۆفیتۆس" دەکات کە ساڵانێک لەژێر ئاوی دەریاچەی ئیزنیکدا شاراوە بوو، بڕیارە لەو ناوچە شوێنەوارییەدا رێوڕەسمێکی ئایینی بەڕێوەببات.
 
بۆ ئەو مەبەستە، پلاتفۆرمێکی تایبەت لەسەر ئاو دروستکراوە تاوەکو پاپا و گەشتیاران بتوانن بەبێ زیانگەیاندن بە پاشماوەکان، مۆزایک و گۆڕەکان ببینن.
 
مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد و کەنیسەکان
 
رۆژی شەممە، پاپا لیۆ هاوشێوەی پاپاکانی پێشوو، سەردانی مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد دەکات. دواتر دەچێتە کەنیسەی سریانیی ئەرتۆدۆکسیی "مۆر ئەفرەم" و پاشان لەگەڵ پاتریارک بەرسۆلۆمیۆس، پاتریکی فەنەری رۆم کۆدەبێتەوە و راگەیێندراوێکی هاوبەش واژۆ دەکەن.
 
هەر هەمان رۆژ، پاپا رێوڕەسمێکی ئایینی گەورە لە "ڤۆلکسواگن ئارێنا" بەڕێوەدەبات کە هەزاران کەس بەشداری تێدا دەکەن.
 
کۆتایی سەردانەکە
 
لە دوا رۆژی سەردانەکەیدا، پاپا بەشداری لە رێوڕەسمێکی ئایینی لە کاتدراڵی ئەپۆستۆلیی ئەرمەنی دەکات. پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ (یەکشەممە)، بەرەو بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەڕێدەکەوێت.
 
بۆ سەردانەکەی پاپا، رێوشوێنی ئەمنی تووند لەو شارانە گیراوەتەبەر و چاوەڕوان دەکرێت سەتان پیاوی ئایینی بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکان روو لە تورکیا بکەن.