گەشتە ئاسمانییەکانی ئیستەنبووڵ بۆ تاران هەڵوەشێندرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هاتوەتە ئاراوە، ئەمشەو سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بۆ تاران راگیران و هەڵوەشێندرانەوە.
فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بڵاویکردەوە، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێیەرلاینز) و دوو کۆمپانیای ئێرانی بۆ تاران هەڵوەشێندراونەتەوە. جگە لە گەشتەکانی ئەمشەو، چوار گەشتی دیکە بۆ پایتەختی ئێران کە بڕیاربوو رۆژی شەممە بکرێن هەڵوەشێندراونەتەوە، هەرچەندە شەش گەشتی دیکە هێشتا لە خشتەی فڕیندا ماون.
هاوکات گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بۆ شاری تەورێز لە باکووری ئێران، کە بڕیاربوو بەرەبەیانی شەممە بکرێ، بە هەمان شێوە هەڵوەشێندرایەوە.
سەرەڕای ئەوەی چەندین وڵاتی جیهان هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانیان کە گەشت بۆ ئێران نەکەن، دەسەڵاتدارانی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەو بارەیەوە نەداوە و ئامادە نین بچنە ریزی ئەو وڵاتانەی داوای جێهێشتنی ئێران لە هاووڵاتییانیان دەکەن.
تورکیا خاوەنی سنوورێکی درێژە لەگەڵ ئێران کە 550 کیلۆمەتر دەبێت و سێ دەروازەی سنووریی سەرەکی لە نێوان هەردوو وڵات هەن. ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم هەڵکشانی سەربازیدایە و چاوەڕوانی هەڵوێستی کۆتایی ئەمریکا دەکرێت بەرامبەر تاران.
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچوو، لە دوایین هەڵوێستیشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، بە ئاراستەی دانوستاندنەکانی ئێران دڵخۆش نییە.