تورکیش ئێیەرلاینز: هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بۆ ئێران دوورە لە راستییەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز، هەواڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیستەنبووڵ – تاران رەت دەکاتەوە و دەڵێ، دوورە لە راستییەوە.
چەند ئاژانسێکی هەواڵ وەک فرانس پرێس، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیستەنبووڵ – تارانیان بڵاوکردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە. هەواڵەکە لە سایتە تورکییەکانیش بڵاوکرایەوە.
یەحیا ئوستون، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیدەکاتەوە گەشتەکانی کۆمپانیاکە بۆ تاران هەڵوەشێندرابنەوە و رایگەیاند، گەشتەکان بەپێی خشتە بەردەوامن.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بۆ ئێران بڵاوبوونەتەوە، دوورن لە راستییەوە."
هەروەها باس لەوە کراوە: "هیچ گەشتێکمان هەڵنەوەشاندووەتەوە. گەشتەکانمان لە رۆژدا ئەنجام دەدرێن، وەک ئەوەی پلانیان بۆ دانراوە."
روونکردنەوەکە لە کاتێکدایە، ئەمشەو ژمارەیەک ئاژانس و سەرچاوەی هەواڵی، وەک فرانس پرێس بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هاتوەتە ئاراوە، ئەمشەو سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بۆ تاران راگیران و هەڵوەشێندرانەوە.
فرانس پرێس گوتی، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێیەرلاینز) و دوو کۆمپانیای ئێرانی بۆ تاران هەڵوەشێندراونەتەوە. جگە لە گەشتەکانی ئەمشەو، چوار گەشتی دیکە بۆ پایتەختی ئێران کە بڕیاربوو رۆژی شەممە بکرێن هەڵوەشێندراونەتەوە، هەرچەندە شەش گەشتی دیکە هێشتا لە خشتەی فڕیندا ماون.
وەک فرانس پرێس گوتی، هاوکات گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بۆ شاری تەورێز لە باکووری ئێران، کە بڕیاربوو بەرەبەیانی شەممە بکرێ، بە هەمان شێوە هەڵوەشێندرایەوە.