تورکیا بەشداری لە لووتکەی 'سێ دەریایی' لە کرواتیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە 11یەمین لووتکەی دەستپێشخەریی "سێ دەریایی" سەردانی کرواتیا دەکات و بڕیارە لەوێ گوتارێک دەربارەی ئاسایشی وزە و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا پێشکێش بکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەردانێکی فەرمی بۆ شاری دوبرۆڤنیک لە کرواتیا دەکات. سەردانەکە بۆ بەشداریکردنە لە لووتکەی دەستپێشخەریی سێ دەریایی کە بڕیارە سبەی سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026 دەستپێبکات و تاوەکو 29ـی مانگ بەردەوام بێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، هاکان فیدان لە لووتکەکەدا گوتارێک پێشکێش دەکات و تێیدا تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی چەمکی پەیوەندییەکان لە جیهاندا. فیدان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پەیوەندی چیدی تەنیا بە ژێرخانی فیزیکییەوە سنووردار نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی فرەڕەهەند کە گواستنەوە، وزە، تۆڕی دیجیتاڵ، دارایی و حوکمڕانی دەگرێتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باس لە گرژییە جیۆسیاسییەکان دەکات و ئاماژە بەو زیانانە دەدات کە بەهۆی ململانێکانەوە بەر ئابووریی جیهان و ئاسایش کەوتوون؛ هەروەها جەخت لەسەر "پێویستیی هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردنی وزە" دەکاتەوە.
 
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و برۆکسل تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی فیدان دەبێت. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، فیدان لە کۆبوونەوەکانیدا جەخت لە پێویستیی داڕشتنی "گوتارێکی نوێ" دەکاتەوە بۆ ئەوەی پێشکەوتنێکی کردەیی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپادا بەدی بهێنرێت.
 
لووتکەی دەستپێشخەریی سێ دەریایی (Three Seas Initiative) پلاتفۆرمێکی سیاسییە و 13 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە خۆدەگرێت کە دەکەونە نێوان دەریای باڵتیک، رەش
و ئەدریاتیک، ئامانجی سەرەکیشیان پەرەپێدانی ژێرخان و هاوکاریی ئابوورییە لەو ناوچانەدا.