تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی کارەبایی نمایش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی تورکی ئامادەکاری دەکات بۆ نمایشکردنی نوێترین بەرهەمی خۆی کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی تەواو کارەباییە. ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی بێدەنگی و کەمیی پلەی گەرمییەکەیەوە، ناسینەوەی لەلایەن دووژمنەوە قورس دەبێت.
کۆمپانیای "نۆرۆڵ ماکینە" کە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی پیشەسازیی سەربازی لە تورکیا، بڕیارە لە چوارچێوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی بەرگری و فڕۆکەوانی کە لە 7 تاوەکو 9ـی ئایاری داهاتوو لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، ئۆتۆمبێلی (eNMS-L) نمایش بکات.
ئەم ئۆتۆمبێلە کە بە تەواوی بە کارەبا کاردەکات، وەک وەرچەرخانێک لە کەرتی سەربازیی تورکیادا دەبینرێت. ئەنداچ کایا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی (eNMS-L) دەڵێت دیزاینکردنی ئۆتۆمبێلەکە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە و ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوەی مەودادوور و ژینگەییدایە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەموو تاقیکردنەوەکانی تەواو بن.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی ئۆتۆمبێلەکە:
- مەودای بڕین: یەک جار بارگاویکردنەوە، 200 کیلۆمەتر.
- توانای هەڵگرتن: 1.5 تۆن بار.
- تەوەرەکان: توانای بڕینی ئاو و خەندەقی هەیە بە قووڵایی یەک مەتر.
- سیستەمی پاراستن: خاوەنی سیستەمی کوژاندنەوەی ئاگر و پاراستنی کیمیایی،
بایۆلۆجی، تیشکی و ئەتۆمییە (CBRN).
- تایەکان: سیستەمی ناوەندیی پڕکردنەوەی هەوای تایەکانی لەسەرە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم ئۆتۆمبێلە، کارکردنی بێدەنگ و بڵاونەکردنەوەی گەرمییەکی زۆرە، ئەوەش وادەکات لە ئۆپەراسیۆنە
نهێنییەکاندا بە ئاسانی لەلایەن رادار و کامێرا گەرمییەکانەوە هەستی پێنەکرێت.
لە پلانەکانی داهاتووی کۆمپانیاکەدا هاتووە کە سیستەمی "کۆنترۆڵکردن لە دوورەوە" بۆ ئۆتۆمبێلەکە زیاد بکرێت، بە جۆرێک بتوانرێت لە هەردوو بارودۆخی شەو و رۆژدا بۆ
ئۆپەراسیۆنی چاودێری و بینین بەکاربهێنرێت، بێ ئەوەی پێویستی بە شۆفێر بێت لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا.