لە سێ مانگدا نزیکەی 50 ملیۆن کەس لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە گەشتیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نزیکەی 50 ملیۆن کەس فڕۆکەخانەکانیان بەکارهێناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان (DHMİ) سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە مانگی ئاداری رابردوودا، 16 ملیۆن و 426 هەزار و 625 کەس لە فڕۆکەخانەکانەوە گەشتیان کردووە.
هەر لە مانگی ئاداردا، 166 هەزار و 242 فڕۆکە گەشتیان کردووە و زیاتر لە 383 هەزار تۆن باریش لە رێگەی کارگۆوە گواستراوەتەوە.
ئاماری سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ:
- کۆی گەشتیاران: 49 ملیۆن و 306 هەزار و 377 کەس.
- کۆی گەشتەکان: 504 هەزار و 417 فڕۆکە.
- باری کارگۆ: 1 ملیۆن و 146 هەزار و 899 تۆن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو، کۆی گشتیی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتبووە 230 ملیۆن و 224 هەزار کەس، کە لە رێگەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 290 هەزار گەشتی ئاسمانییەوە بووە.
لە کۆی 58 فڕۆکەخانەی سڤیل لە سەرانسەری تورکیادا، 18یان دەکەونە پارێزگاکانی باکووری کوردستان. لەو ژمارەیەش، فڕۆکەخانەکانی (ئامەد، وان، دیلۆک، خارپێت، ئەرزەڕۆم، قەرس، مەلەتێ، سێواس و رووها) نێودەوڵەتین و گەشتی نێوخۆیی و دەرەکییان لێوە دەکرێت.