وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، هیچ جیاکارییەک لەنێوان گەل و پێکهاتەکانی وڵاتەکەیدا ناکرێت؛ لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش دەڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی دەدەن.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی هەینی، 27ی حوزەیرانی 2025 لە گوتارێکیدا لە وانی باکووری کوردستان رایگەیاند: ''لە وڵاتی ئێمە جیاکاری لەنێوان تورک، کورد، عەلەوی و سوننە ناکرێت. هەر تاکێکی ئەم خاکە، خاوەنی راستەقینە و رەسەنی ئەم وڵاتەیە. کەس ناتوانێت بەربەست لە بەردەم ئەم برایەتییە دابنێت''.
 
یەرلیکایا گوتی: ''گیان، ماڵ، باوەڕ و کولتووری هەموو ئەوانەی لەم وڵاتە دەژین، لەژێر گەرەنتیی دەوڵەتی کۆماری تورکیایە''.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێناوی بنیادنانی تورکیایەکی بەهێز و ئایندەیەکی سەقامگیر لە وڵاتەکەی، هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەدەن.
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا. پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئەم مانگە، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.