دوای چوار رۆژ ئاگری دارستانی ئەنتاڵیا کۆنتڕۆڵکرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار رۆژ ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی کەمەر سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کوژێندرایەوە.
پێشتر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا رایگەیاندبوو، کاژێر 21:08 خولەکی رۆژی 24ی تەممووزی 2023، ئاگر لە دارستانەکانی سەر بە شارۆچکەی کەمەر لە پارێزگای ئەنتاڵیا کەوتووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ 11 فڕۆکە، 29 هێلیکۆپتەر، 80 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 30 شۆڤڵ و 654 کارمەند، دوای چوار رۆژ کارکردنی بەردەوام، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرایەوە.
بەهۆی سووتانی دارستانەکانەوە، سێ گوندی سەر بە شارۆچکەی کەمەر چۆڵ کرابوون و بەشێکی یەکێک لە گوندە چۆڵکراوەکان زیانی زۆری بەرکەوت.
هەروەها 22 کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکان، بریندار بوون. دۆخی تەندروستییان جێگیرە و لە نەخۆشخانەی شارەکە چارەسەر وەردەگرن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا لە هەژماری تایبەتی تویتەری خۆیدا بڵاویکردەوە، هەوڵەکان بۆ سارکردنەوەی دارستانەکە بەردەوامن و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، زیاتر لە 220 هێکتار زەوی دارستانەکە سووتاوە.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیایی بوون.
لە 2021، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا، 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس برینداربوون.