لە ئیستەنبووڵ 50 قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی 50 قاچاخچی کۆچبەران لە ئیستەنبووڵ، ئەدیرنە و تەکیرداغ-ی تورکیا راگەیاند. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو 26ی تەممووزی 2023دا، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا کە لە سێ پارێزگا بەڕێوەچووه‌ و ناوەندەكه‌ی له‌ ئیستەنبووڵ بوو، 50 کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتیكردن به‌ کۆچبەرانه‌وه‌ دەستگیرکرد. 
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا هاتووە، تیمەکانی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیكردن به‌ کۆچبەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە ئەدیرنە و تەکیرداغ و ئیستەنبووڵ بۆ سەر رێکخەرانی قاچاخچێتیكردن به‌ کۆچبەران، ئەنجامداوە.
 
یەرلیکایا روونیکردەوە، لە کۆی 50 قاچاخچی، 30یان بە فەرمانی دادگا دەستبەسەرکراون و دووانیان بە مەرج و فەرمانی دادوەر ئازاد کراون.