یاریدەدەری ئەردۆغان: داهاتی گەشتیاریمان 63 ملیار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەناردەیان لە 7 مانگی ئەم ساڵدا 270 ملیار دۆلار و داهاتی گەشتیاریشیان 63 ملیار دۆلار بووە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئەو ئامارانەی لە کۆبوونەوەی مانگی ئابی ئەنجوومەنی ژووری پیشەسازیی ئیستەنبووڵ بە ناونیشانی "بە دیدگایەکی نوێ گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ کێشەکانی پیشەسازیمان" راگەیاند، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئابووریی وڵات کرد و رایگەیاند، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان، تێچووی وزە و سیاسەتە بازرگانییە نوێیەکان، گەشەی جیهانی سنووردار کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەم دۆخە سەختانە، ئابووریی تورکیا بە خرۆشەوە بەردەوامە لە رێڕەوی خۆی.
جەودەت یڵماز دەڵێت، سەرەڕای گەشەی کەم و لاوازیی خواست لە دەرەوە، بەتایبەت لە ئەورووپا کە هاوبەشی سەرەکیی بازرگانییانە، هەناردەی ساڵانەیان تاوەکو مانگی تەممووزی 2025 گەیشتووەتە سەرووی 269.4 ملیار دۆلار.
سەبارەت بە داهاتی گەشتیاری، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "داهاتی بەدەستهاتوو لە کەرتی گەشتیاری گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی، بە جۆرێک داهاتی گەشتیاریی لە 7 مانگی ئەم ساڵدا گەیشتە 63 ملیار دۆلار."
یڵماز ئاماژەی بە پێشکەوتنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی حکومەت کرد لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان و گوتی، "هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی ئایاری 2024 دا 75.5% بوو؛ بە دابەزینێکی بەردەوامی 14 مانگی و 42 خاڵ، تاوەکو مانگی تەممووزی 2025 گەیشتە 33.5%. هەڵاوسانی نرخی بەرهەمهێنەریش لە هەمان ماوەدا لە 57.7%ـەوە بۆ 24.2% دابەزیوە."
یاریدەری ئەردۆغان گوتیشی، "لە کۆتایی ساڵی 2025 دا، پێشبینی هەڵاوسان دەکەین کە لە چوارچێوەی پێشبینییەکانی بانکی ناوەندیدا بێت، واتە لە بیستەکاندا. لە 2026دا یانزەکان و لە ساڵی دواتردا یەک خانە دەکەینە ئامانج."