جەهەپە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان: پێویستە تورکیا پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا دەکرێتەوە. حکومەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان رێککەوتوون. پێویستە حکومەتی ئاکپارتیش لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی تورکیادا پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت."
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، دەنیز یاڤوزیلماز، لە هەژماری تۆڕی ئێکس، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "زیانی بازرگانیی شاراوەی نەوتی ئاکپارتی بۆ تورکیا 3 ملیار دۆلارە! دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەو زیانانە ناسڕێتەوە کە لە 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی بازرگانیی شاراوەی نەوتی ئاکپارتییەوە لەم هێڵەدا بەر تورکیا کەوتووە."
جێگری سەرۆکی جەهەپە، ئاماژەی بەوە کرد، "ئاکپارتی ساڵانێک بەبێ رەزامەندیی حکومەتی ناوەندیی عێراق، بەپێچەوانەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە نەوتی گواستووەتەوە."
ئەو بەرپرسەی جەهەپە دەڵێت، بەهۆی گواستنەوەی نەوت بەبێ مۆڵەت لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی تورکیای بە بڕی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار سزاداوە و سکاڵایەکی دیکەی ناوبژیوانیش لەبارەی "پێشێلکارییەکانی" نێوان 2018 بۆ 2023 بەردەوامە.
یاڤوزیلماز، دەشڵێت، "زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریش لە دوورگەی جێرسی بەهەڵم بووە. کۆی گشتیی زیانەکە نزیکەی 3 ملیار دۆلارە."
دەنیز یاڤوزیلماز، جەختی کردەوە، "کاتێک هاتینە سەر دەسەڵات، ئەو پارانەی بەهەڵم بوون و سزاکانی دیکە، لە سەروەت و سامانی سەرۆککۆمار و بەرپرسانی ئاکپارتی وەردەگرینەوە."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە بە بڕیاری دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی راگیرابوو. بڕیارەکە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە تورکیا بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق رێگەی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە.