پارێزەرەکەی ئاشکرای کرد: دۆخی ئۆجەلان لە زیندان باشتر کراوە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە پارێزەرەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، مەرجەکانی گۆشەگیری لە زیندانی ئیمراڵی سووکتر کراون و گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی کارگێڕیی زیندانەکەدا کراوە.
لە کاتێکدا کە پرۆسەی نوێی چارەسەری و بڕیاری چەکدانانی پەکەکە لە تورکیا بووەتە رۆژەڤی سەرەکی، پارێزەری ئۆجەلان هەواڵێکی نوێ لە زیندانی ئیمراڵییەوە بڵاوکردەوە.
ئیبراهیم بیلمەز، یەکێک لە پارێزەرەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە بۆ یەکەمجارە لە ساڵی 2019ـەوە رێگەی پێدراوە چاوی بە بریکارەکەی بکەوێت، رایگەیاندووە، دۆخی زیندانەکە باشتر کراوە.
پارێزەر بیلمەز راگەیاندووە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی راگرتنی ئۆجەلاندا هەیە، کە ماوەی 26 ساڵە لە زینداندایە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پارێزەر بیلمەز خستوویەتیەڕوو، هەڵسوکەوتی کارمەندانی ئیمراڵی بەراورد بە رابردوو "رێزدارانەتر" بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەرجەکانی گۆشەگیری نەرمتر کراون و ئەو دەرفەتە نوێیانەی بۆ ئۆجەلان رەخساون، بەمجۆرە ریزبەندی کردوون:
مافی گفتوگۆکردن: ئۆجەلان ئێستا دەتوانێت لەگەڵ ئەو زیندانیانەی دیکە کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، تێکەڵاوبێت و بیانبینێت.
کتێب و تەلەڤزیۆن: مافی کتێب خوێندنەوەی بەردەوامە و رێگەی پێدەدرێت سەیری هەندێک کەناڵی تەلەڤزیۆنی بکات.
ئینتەرنێت: سەرەڕای باشترکردنی بارودۆخەکە، رێگە بە ئۆجەلان نادرێت ئینتەرنێت بەکاربهێنێت.
دوای کۆبوونەوەکە، بیلمەز زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی و ورەی ئۆجەلانەوە دا و جەختی لەوە کردەوە، بریکارەکەی باوەڕی زۆری بە پرۆسەی چارەسەری هەیە. بیلمەز گوتی، "ئیرادە و ویستی وەک خۆی ماوەتەوە. هیچ شتێکی کەم نەکردووە. بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئەنقەرە هەنگاوەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی 40 ساڵە خێراتر کردووە. رۆژی دووشەممەی رابردوو، سێ پەرلەمانتار سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.
پەکەکەش لە مانگی ئایاردا بڕیاری "چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی" راگەیاندبوو.