وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەڵمانیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، سەردانی ئەڵمانیا دەکات و لەگەڵ هاوشانە ئەڵمانییەکەی کۆدەبێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی مانگ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی هەینی 28ـی مانگ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، لەسەر بانگهێشتیی فەرمیی یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانی بەرلین دەکات.
 
وەزیری دەرەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بازرگانانی تورکیا و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، فیدان جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامی کارکردنی میکانیزمەکانی راوێژ و دیالۆگ لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا بکاتەوە، کە بە سەردانە باڵاکان گڕوتینیان بەخۆیانەوە بینیوە. هەروەها خۆشحاڵی دەرببڕێت لە بارەی بەهێزبوونی بەردەوامی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بە دیدگای ستراتیژی هەڵسەنگاندن بۆ دەرفەتەکانی پێشخستنی میکانیزمەکانی هاریکاریی لە بواری وزە و گواستنەوە بکات.