کەشناسیی تورکیا دەڵێ بەفر لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان دەبارێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا دەڵێ، پێشبینی دەکرێ بەفر لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان ببارێ و داوای لە هاونیشتمانییان دەکات رێوشوێنی پێویست بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو بگرنەبەر.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ شەممە بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشبینی دەکات لە پارێزگاکانی ئەرزینگان، خارپێت، دێرسم، ئەرزەڕۆم، ئەردەخان، ئاگری و قەرس و بەرزاییەکانی پارێزگای ئیدری باکووری کوردستان بەفرێکی زۆر ببارێ؛ هەروەها پێشبینی دەکات لە کاژێرەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە لە وانیش بەفربارین دەستپێبکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێ لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەفربارین لە باکووری رۆژهەڵاتی ئامەد (قەزاکانی پاسوور، لـجێ، هەزرۆ و ناوچەی قەرەداخ لەسەر رێگەی رووها) و لە باکووری ئێلیە و ناوچە بەرزەکانی پارێزگای سێرت بەفربارین دەستپێبکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پارێزگاکانی چەولیگ، بەدلیس، مووش و لە جۆلەمێرگ و باکوور و رۆژهەڵاتی شرنەخیش لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بەفرێکی زۆر ببارێ.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلی بەفربارینە لە باکووری کوردستان تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێ.