تورکیا بۆ هاونیشتمانیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان: لە ناوچەکانی شەڕ دووربکەونەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا داوا لە هاووڵاتییانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانەوە، لە ناوچەکانی شەڕ دووربکەونەوە.
 
بەهۆی توندبوونی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، تورکیا هۆشداریی بە پەلەی ئاراستەی هاونیشتمانییانی خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. 
 
تورکیا داوای لە هاونیشتمانییانی کردووە لە نزیکەوە چاودێریی راگەیێندراوەکانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا و دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بکەن سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی بارودۆخی شەڕ.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، تورکیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات و دەڵێت: "لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە مەترسیی شەڕیان لەسەرە و لە ناوچە ئارامەکاندا بمێننەوە."
 
هاوکات، باڵیۆزخانەی تورکیا ژمارە تەلەفۆنی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە کاتی هەر بارودۆخێکی نائاساییدا پەیوەندییان پێوە بکەن و داوای هاوکاری بکەن.