ئەردۆغان: بەهۆی هاندانەکانی نەتەنیاهووەوە هێرش کرایە سەر ئێران و نیگەرانین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەڵێت، "ئەو هێرشانە بە هاندان و ئیستفزازەکانی نەتەنیاهووەوە ئەنجامدراون."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی فتار کە لەلایەن ئاکپارتییەوە لە ئیستەنبوڵ رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
"دەستدرێژی کرایە سەر ئارامیی گەلی ئێران"
 
ئەردۆغان سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە ئەنجامدران و گوتی: "ئەم هێرشانە نەک تەنیا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی ئێرانن، بەڵکو دەستدرێژین بۆ سەر ئارامیی گەلی دۆست و برای ئێران. ئێمە بە داخەوە پێشوازی لەو هێرشانە دەکەین؛ چونکە ماوەیەکی درێژە هەوڵێکی زۆرمان دا تاوەکو ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بکرێن."
 
"لەگەڵ ترەمپ و پزیشکیان قسەم کرد، بەڵام قەیرانی متمانە تێنەپەڕێندرا"
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی نەبوونی متمانە لەنێوان لایەنەکاندا رێگر بووە و گوتی: "وەک تورکیا کارمان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری کرد، بەڵام بەهۆی هاندانەکانی نەتەنیاهووەوە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تووشی دڵتەنگی و نیگەرانییەکی قووڵ بووین."
 
ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پەیوەندیی بە هەریەک لە واشنتن و تارانەوە کردووە و گوتی: "لەم ماوەیەدا لەگەڵ بەڕێزان ترەمپ و پزیشکیان گفتوگۆم کرد، وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش هەوڵی خۆیان دا، بەڵام قەیرانی متمانەی نێوان لایەنەکان تێنەپەڕێندرا." هەروەها ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی "بەردەوام بووە لە ژەهراویکردنی پڕۆسەکە" و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەست نەیەت.
 
"سەرەتا ئاگربەست و دواتر مێزی دانوستان"
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نابێت و گوتی: "ئینشاڵڵا ئەم قۆناخە هەستیارە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەبەین. هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی سەرەتا ئاگربەست رابگەیێندرێت و پاشان لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان. وەک دەوڵەت و نەتەوە، لە تەنیشت هەموو گەلە براکانی ناوچەکەدا دەمێنینەوە."