وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئینجیرلیک روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێدەنێتە 29ـەمین رۆژی، بیستنی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک لە ئادانا، ترس و دڵەڕاوکێی دروستکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش دەڵێت، "هیچ هێرشێک لەئارادا نییە."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و تێیدا دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە 10یەمین فەرماندەیی بنکەی سەرەکیی فڕۆکەوانی لە ئینجیرلیک دەبیسترێت، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوترێت لە ئینجیرلیک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە؛ هیچ هێرشێک یان بارودۆخێکی نەخوازراو بوونی نییە، پێدەچێت زەنگەکە بە هەڵە لێدرابێت."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە لە 28ی شوباتەوە بە هێرش بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، 29 رۆژە بەردەوامە و هەردوولا هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر یەکدی.
پێشتریش لە 20ی ئاداردا، بە هەمان شێوە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بنکەی ئینجیرلیک بیسترا و وەزارەتی بەرگری ئەو کاتیش رایگەیاند زەنگەکە بە هەڵە لێدراوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، تورکیا رایگەیاندووە 3 مووشەکی بالیستییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە کە وا مەزەندە دەکرێت لە ئێرانەوە هەڵدرابن.