باخچەلی: کەرکووک لە بیر ناکەین و چیدی نابێتە بابەتی دانوستاندن
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە پەیامێکی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت، کەرکووک بۆ ئەوان هێڵی سوورە و "نە کەرکووک و نە مووسڵ لە یادەوەرییاندا ناسڕێنەوە."
رۆژی سێشەممە، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی کەرکووک و جەختی لەوە کردەوە، ناسیۆنالیزمی تورکی تەنیا سنوورەکانی ئێستای تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو "لە هەر کوێ تورکێک بژی و بە تورکی قسە بکات، ئەو شوێنە بەشێکە لە یادەوەریی جوگرافی و نەخشەی دڵی ئێمە."
سەرۆکی مەهەپە کەرکووکی بە میراتی باپیرانیان وەسف کرد و گوتی، "کاتێک باس لە جوگرافیای میساقی میللی دەکەین، پەرۆشییەک دڵمان داگیر دەکات، لە پێشترینی ئەو پەرۆشییانەشدا کەرکووک هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە ئەنقەرەوە "بڵێسەی ئاگری کەرکووک و شیوەنی تورکمانەکان" دەبینن و دەبیستن.
دەوڵەت باخچەلی دەستبەکاربوونی محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی وەک پارێزگار بە "خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی" ناوزەد کرد و گوتی، "ئەمە هێورکەرەوەیەک بوو بۆ سکاڵا مێژووییەکان و دەرکەوتنی ئیرادەی تورکمان بوو لە شارەکەدا."
باخچەلی جارێکی دیکە هەڕەشە کۆنەکانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر پێویست بکات، لانی کەم 5000 گەنجی خۆبەخشی ئێمە ئامادەن بۆ پاراستنی یەکڕیزی و ئاشتی لە شارە تورکماننشینەکان، بەتایبەتی کەرکووک. ئەمە تەنیا قسەی بێ بنەما نییە، بەڵکو سوێندێکی شەرەفە."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەدەیە "سەدەی تورکە" و کەرکووک چیدی نابێتە بابەتی دانوستاندن. گوتیشی، "نە کەرکووک لەبیر دەکەین و نە مووسڵ لە مێشکمان لادەبەین. ئێمە لە هێڵی خۆمان لانادەین و خزمەکانمان بە بێ کەسی جێناهێڵین."
ئەم لێدوانانەی باخچەلی لە کاتێکدایە، دۆخی کارگێڕی و سیاسی کەرکووک هەمیشە جێگەی مشتومڕی لایەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بووە و تورکیاش بەردەوام چاوی لە پێگەی تورکمانەکانە لەو پارێزگایەدا.
دەقی گوتارەکەی باخچەلی دەربارەی کەرکوک:
"ئەمڕۆ، بەناو هێنانی کەرکووک جارێکی دیکە شتێک لە قووڵایی دڵماندا دەجوڵێت. ناسیۆنالیزمی ئێمە ناتوانرێت تەنیا وەک بابەتێکی شکۆمەندیی سنووردار بە جوگرافیای ئاناتۆلیاوە ببینرێت. لە هەر کوێ تورکێک بژی، هەر لە کوێ منداڵێکی تورک لەدایک ببێت، لە هەر کوێ بە زمانی تورکی قسە بکرێت، ئەو شوێنەش بەشێکە لە یادەوەریی جوگرافیمان، نەخشەی دڵمان، هۆشیاریی مێژوومان. نەتەوەخوازیی تورک، کە لەو بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە کە مێژوو خستوویەتییە سەرشانمان، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە پاسەوانی ئەو تورکانە بین کە لە دەرەوەی سنوورەکانمانەوە هەوڵی چەوساندنەوەیان دەدرێت، هەروەها دەنگی برا تورکمانەکانمان بین کە هەوڵی سەرکوتکردنیان دەدرێت. نەتەوەخوازیی تورکی هێڵی بەرگرییە بۆ مێژوویەک کە هەوڵی فەرامۆشکردنی دەدرێت و یادەوەرییەک کە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت. ئەو ناوچەیەی کە ئەم هێڵە تێیدا رێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە، جوگرافیای میساق-ی میللییە. کاتێک باس لە جوگرافیای میساق-ی میللی دەکەین، پەرۆشییەک دڵمان داگیر دەکات. لە پێشترینی ئەم پەرۆشییانەشدا، کەرکووک هەیە. کەرکووک میراتی باپیرانمانە، کە تێکەڵ بە خەمە؛ ئاڵاهەڵگری خەباتی رێز و شکۆیە؛ و بەشێکی دێرینی ئۆجاخی تورکمانە. هەر بۆیە، کاتێک سەیری کەرکووک دەکەین، جیاکەوتنەوەیەکی سەدەساڵە دەبینین. ئێمە شایەتحاڵی خەباتی سەدەها ساڵەی گەلی تورکمانین بۆ سەلماندنی سەر بەخۆبوون و ناسنامەی خۆی، خەباتێک کە لە تەلەعفەرە و تاوەکو خورماتوو، لە ئاڵتون کۆپرییەوە تاوەکو کەرکووک درێژ دەبێتەوە. ئێمە هاوار و ناڵەی ژنانمان، خەمباریی و تەنیایی منداڵە بێباوکەکانمان دەبیستین. ئێمە ئاگاداری دابڕینی تورکمانەکانین. ئازارەکانیان کە لە دڵماندا هەڵگیراوە هەست پێدەکەین و گوێ لە هاوارەکانیان دەگرین. ئێمە لە ئەنقەرەوە بڵێسەی ئاگرەکەی کەرکووک دەبینین. ئێمە لە ئەنقەرەوە شیوەنگێڕیی تورکمانەکان دەبیستین. ئێمە ئەمە دەکەین وەک ئەرکی تورک، موسڵمان، سەلجوقی، عوسمانی و مرۆڤبوونمان.
ئەو ستەمەی کە تورکمانەکانی کەرکووک ماوەیەکی درێژە رووبەڕووی دەبنەوە، تاقیکردنەوەیەکی دڵتەزێنە کە لە ویژدانی نەتەوەی تورکدا نەخشاوە. زۆر ماڵی تورکمانی دەربەدەر بوون، هەوڵدراوە زۆر خێزانی تورکمان لە نیشتمانەکەیان دووربخرێنەوە، زۆر دایک فرمێسکی رشتووە، زۆر منداڵ لە ترسا لەرزاوە، و زۆر رۆحی ئازا بە ستەم و بێبەشی تاقی کراوەتەوە. هەندێک کەس هەبوون کە هەوڵیان داوە دەنگی تورکیا لە خاکەکانی تورکماندا کپ بکەن، مێژووەکەی بشارنەوە، ناسنامە نیشتمانییەکەی لاواز بکەن، و نیشتمانی دێرینی تورک لە جەوهەری خۆی جیابکەنەوە لە ڕێگەی دەستکاریی سیاسی و پلانی دیمۆگرافییەوە.
پێویستە بزانن هەرچەندە دەردی کەرکوک زۆر گەورەیە، بەڵام تورکمان لەوە گەورەترە. فشارەکان زیادیان کردووە، بەڵام ئیرادە نەشکاوە. زریانەکان بەهێزتر بوون، بەڵام ئاڵای شین ئاسمانی لە ئاسمانەکانەوە نەهێنراوەتە خوارەوە. پشوودرێژی تاقی کراوەتەوە، بەڵام یادەوەری نەشکاوە. دەرفەتەکان کەم بوونەتەوە، بەڵام بناغەکە لەدەست نەچووە.
ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ لە کەرکووک روودەدەن گرنگییەکی بێوێنەیان هەیە. هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی برا بەڕێزم، بەڕێز محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، وەک پارێزگار، هێورکەرەوەیەک بووە بۆ سکاڵا مێژووییەکان و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی نیشان دەدات لە رووی دەرکەوتنەوەی ئیرادەی تورکمانییەوە لە کەرکووک. ئەم پێشهاتە دووپاتی کردەوە کە بوونی تورکمانەکان لە کەرکووک ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، یان بسڕدرێتەوە. جەختکردنەوە لەسەر بووژانەوەی برایەتی لەناو شارەکەدا ئاماژەیە بۆ هاوسەنگییەک کە تورکمانەکان پشتگوێ ناخات، عەرەبەکان دوورناخاتەوە، کوردەکان پەراوێزناخات، یان کۆمەڵگەی سریانی پێشێل ناکات؛ هاوسەنگییەک کە مافی هەمووان دەپارێزێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دان بە بوونی تورکمانەکاندا دەنێت وەک ڕاستییەکی بنەڕەتی و بناغەیی.
هەروەک چۆن ئامانجە سەرەکییەکەی 'سەدەی تورکیا' بریتییە لە 'تورکیایەکی بێ تیرۆر'، کە ئاشتی تێدا باڵادەست بێت، بەهەمانشێوە ئاواتی ئێمەش لە چوارچێوەی کاریگەریی خۆماندا بەرەو هەمان ئاراستەیە. لەگەڵ ئازادکردنی تورکیا لە نەخۆشیی تیرۆر، ئەو زەمینەیەی لە کەرکووک دادەمەزرێت، ژیانێکی نوێ دەبەخشێت بە ناوچەکە. ئامانجمان تورکیایەکی دوور لە دووبەرەکی و ستەم و تیرۆر و کەشێکی ناوچەیی کە تێیدا ئاشتی و برایەتی ڕەگ دابکوتێنێت. ئێمە پێداگیرین لەسەر ئەوەی چەندین ساڵ لەمەوبەر گوتوومانە. ئێمە گوتمان کە تەنانەت ئەگەر هیچ تاکیک ، دامەزراوە یان لایەنیک بە دڵسۆزییەوە پشتگیریی خەباتی تورکە عێراقییەکان نەکات بۆ مانەوەیان، بزووتنەوەی ئولکوجوی نەتەوەخواز ئەرکی مێژوویی و ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەجێ دەگەیەنێت و لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە. هەروەها بە دڵسۆزییەوە رامانگەیاند کە لانیکەم 5000 خۆبەخشی گەنجانی ئێمە ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە خەباتی مانەوە، یەکڕیزی و ئاشتی لەو شارە تورکماننیشینانەی کە تورکمان تێیدا دەژین، بەتایبەتی کەرکووک. ئەم وشانە تەنیا قسەی بێ بنەما نەبوو. ئەمانە بێگومان وشەی پووچ نەبوون کە بە گوتاری بەتاڵ داپۆشرابن. ئەوان دەنگ، دڵسۆزی و دەربڕینی هەڵمەتکردنی ئەو دڵانە بوون کە کاتێک کەرکووک لە مەترسیدایە، بە پەلە دەچنە ڕیزەکانی ئەرکەوە. کاتێک باس دێتە سەر تورکمانلی، ئەمە سوێندێکی شەرەفە کە ئەوە دەردەخات کە هەڵوێستی بزووتنەوەی نیشتمانپەروەری ئایدیالخواز لەسەر بابەتی کەرکووک نالەرزێت، لاواز نابێت، و یەک هەنگاو بۆ دواوە ناگرێتەوە. ئێمە سوپاسگوزارین کە دەبینین پرۆسەیەک کە بە ئارامگری چنراوە و دۆزێک کە بە هێمنی پارێزراوە، ئەمڕۆ بەرهەمی هەبووە.
بێ گومان لە هیچ قۆناخێکی مێژوودا، هەرگیز لەناکاو رێگاکان دەرنەکەوتوون. هیچ سەرکەوتنێک بە رێکەوت لەدایک نەبووە. هیچ خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی لە رێگەی لێدانەکانی باڵندەی بەختەوەرییەوە رووی نەداوە. یەک نا، بەڵکو لەدوای هەزار شەوی تاریک رۆژ هەڵهاتووە. ئینشائەڵڵا رۆژێک ئەو ئاڵایە لە کەرکووکیش هەڵدەکەین. ئێمە ئەو رێگایەمان بینی کە بەرەو قبوڵکردنی دوعاکانمان دەڕوات. هاواری خۆشی برا تورکمانەکانمان بیستووە. سوپاس بۆ خوا ئێمە شایەتحاڵی ساتێکی مێژوویی بووین. ئەگەر ئەو قسەی دوێنێ له ئەنقەره کراوه، ئەمرۆ له کەرکووک دەنگ بداتەوه، ئەگەر ئەمڕۆ له کەرکووک وەڵامی ئەو نزایەی دوێنێ له ئەنقەرە دراوەتەوه، ئەگەر ئەو دڵسۆزییەی دوێنێ نیشاندرا ئەمڕۆ بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتی نوێنەایەتی، هۆکاری ئەمەش گەورەیی دۆزی ناسیۆنالیزمی تورکیایه . هەروەک چۆن رێپێوانەکەمان بە هەنگاوی هەڕەمەکی دەستی پێنەکردووە، بە وروژاندنە زوو تێپەڕەکان بەردەوام نابێت. رێپێوانەکەمان ماراسۆنێکی درێژخایەن و پڕ بەرەکەتە، بە هۆشیاری تیژتر و بە کۆڵنەدان دروستکراوە. ئێمە جارێکی دیکە بە هەموو جیهانمان نیشان دا کە کەرکووک بۆ ئێمە میراتە، برا تورکمانەکانمان ئەمانەتێکن کە وازیان لێناهێندرێت. کەرکووک چیدیکە نابێتە بابەتی دانوستاندن. ئاشتیمان نابێتە مادەی هیچ هاوکێشەیەکی تاریک، هیچ دانوستاندنێکی خیانەتکارانە. دەنگی زمانی تورکی بێدەنگ نابێت، رووناکی هیچ ماڵێکی تورکمانیش ناکوژێتەوە.
زەمەنەکە گۆڕاوە، ئەم سەدەیە سەدەی تورکە، سەدەی تورکیایە. کەرکووک دەژی، تورکمانلیش هەڵدەستێتەوە و بە ئیزنی خودا بۆ هەتا هەتایە دەژی. ئێمە نە کەرکووک لەبیر دەکەین و نە موسڵ لە مێشکمان لادەبەین، نە خزمەکانمان بێ کەس بەجێدەهێڵین. لە کەرکووکەوە تاوەکو تورکستانی رۆژهەڵات، لە قەرەباخەوە تاوەکو قوبرس، لە تەنیشت هەموو خوشک و براکانمان وەستاوین. لە هێڵی خۆمان لانادەین. لە ڕێگای خۆمان لا نادەین، لە ئامانجمان لا نادەین. چونکە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بە پێی سەردەم رەنگی خۆی ناگۆڕێت و بە پێی بارودۆخ فۆرمی خۆی ناگۆڕێت و بەپێی با ئاراستەی خۆی ناگۆڕێت و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی قسەی خۆی ناگۆڕێت."