توێژینەوەیەک: 50%ی دانیشتووانی تورکیا قەرزدارن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە هەر دوو کەس، یەکێکیان قەرزدارە و زۆرترین قەرزەکانیش هی کرێدیت کارت و قەرزی بانکین.
 
توێژینەوەکە لەلایەن ئای ئێن جی بانک - ING BANK، بە ناونیشانی "ئاراستەکانی پاشەکەوتکردن لە تورکیا" بڵاوکراوەتەوە و ئامارەکانی چارەکی دووەمی ساڵی 2025 لەخۆدەگرێت، تێیدا پرسیار لە هاووڵاتییان کراوە سەبارەت بە دۆخی ئابووری و قەرزدارییان.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، 51%ی بەشداربووان، واتە لە هەر دوو کەس یەکێکیان، رایانگەیاندووە قەرزداری دامەزراوەیەک یان کەسێکن. لە قەرزەکاندا، قەرزی کرێدیت کارد بە رێژەی 46% لە پلەی یەکەمدایە و قەرزی بانکییش بە رێژەی 40% لە پلەی دووەمدایە.
 
توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە گرنگترین هۆکاری پاشەکەوتنەکردن، کەمیی داهاتە. 67%ی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە بەهۆی کەمیی داهاتیانەوە ناتوانن پاشەکەوت بکەن.
 
لەنێو ئاستەنگەکانی بەردەم پاشەکەوتکردندا، کەمیی مووچە، بێکاری، بەرزیی کرێی خانووبەرە و زیادبوونی خەرجیی پسووڵەکان دێن. 40%ی بەشداربووان گوتوویانە پارەکەیان بەشی خەرجییەکانیان ناکات تاوەکو بتوانن پاشەکەوتیبکەن. جگە لەوەش، 25%یان گوتوویانە ناتوانن کارێک بدۆزنەوە و 25%ی دیکەیان ئاماژەیان بەوە کردووە، پسووڵەکانی کارەبا، ئاو و گازی سرووشتییان زۆر بەرزە.
 
توێژینەوەکە ئەوەش دەردەخات کە شێوازەکانی خەرجکردنی هاووڵاتییان سنووردار بووە. 55%ی هاووڵاتییان گوتوویانە لە مارکێتەکاندا تەنیا پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەکڕن و 56%یشیان رایانگەیاندووە کە چاوەڕێی کەمپینی داشکاندنی نرخەکان دەکەن.
 
لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا دۆخەکە جیاواز نییە. 61%ی بەشداربووان گوتوویانە، "ناتوانین پارە بۆ چالاکییەکانی وەک شانۆ و کۆنسێرت تەرخان بکەین" و 54%ی هاووڵاتییانیش رایانگەیاندووە کە بەهۆی کێشەی داراییەوە ناچار بوون ژیانی کۆمەڵایەتییان سنووردار بکەنەوە.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، هەم ئەو کەسانەی پاشەکەوت دەکەن و هەم ئەوانەشی کە نایکەن، لە تورکیا قەرزارن. بەگوێرەی ئەنجامەکان، رێژەی قەرزاری لەنێو ئەو کەسانەی کە پاشەکەوت دەکەن 48%ـە، لەنێو ئەوانەشدا کە پاشەکەوت ناکەن، رێژەکە دەگاتە 54%.
 
لە هەڵبژاردنی شێوازی پاشەکەوتکردندا، زێڕ هێشتا بەهێزترین بژاردەیە و بە رێژەی 35% لە پلەی یەکەمدایە. واتە هاووڵاتییان ئەگەر بیانەوێت بۆ داهاتوویان پاشەکەوت بکەن، زێڕ دەکڕن. لیرەی تورکی و دراوە بیانییەکان کە لە ماڵەوە هەڵدەگیرێن، بە رێژەی 28% لە پلەی دووەمدان.