پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: بۆ چارەسەری، دەبێت گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایدەگەیێنێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، پێویستە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگیرێت، چونکە "موخاتەبی سەرەکیی" پرۆسەکەیە. هاوکات بڕیاری پەکەکە بۆ کشانەوەی گەریلا لە خاکی تورکیا بە "هەنگاوێکی شکۆمەندانە" ناودەبات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 28-10-2025، سونا کەپۆلو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"ی تۆڕی میدیایی رووداودا، ستایشی بڕیارەکەی پەکەکەی کرد و گوتی: "ئەم هەنگاوەی پەکەکە بۆ کشانەوەی هێزەکانی، هەنگاوێکی زۆر گەرم و شکۆمەندانەیە. ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەو بانگەوازانەی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی دیکە کردبوویان. کاتێک مرۆڤ سەیری دۆخەکە دەکات، دەبینێت مێژوویەکی نوێ دەنووسرێتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە نێو خاکی تورکیا دەکێشننەوە بۆ باشووری کوردستان.
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی پێیوایە پرۆسەکە ئەمجارە شکست ناهێنێت، چونکە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز لەئارادایە و دەڵێت: "باوەڕ ناکەم ئەم پرۆسەیە تووشی شکست ببێت، چونکە ئەمجارە لە پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمانیش، هەموو لایەنەکان بە دڵێکی گەرمەوە کار بۆ سەرخستنی دەکەن."
 
پرۆسەی ئەمجارەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە ئەنجامی تەوقەکردنێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەستیپێکرد و شاندی دەم پارتی چەند جارێک سەردانی ئیمرالیان کرد، دواتر لە 27ی شوبات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا داوای لە گەریلاکانی پەکەکە کرد، دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببن.  
 
سونا کەپۆلو ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنێک بۆ خزمەتی برایەتیی کورد و تورک" دامەزراوە کە هەموو پارتە سیاسییەکانی تێدایە. روونیشیکردەوە: "ئەم کۆمیسیۆنە لە جەهەپە و دێڤا پارتییەوە تاوەکو هوداپار، هەموویان پێکەوە تێیدا بەشدارن و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەمووان پێکەوە خوازیاری چارەسەرن."
 
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان تاوەکو ئێستا 15 کۆبوونەوەی کردووە و گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرۆسەی چارەسەری گرتووە. بەرپرسانی دەم پارتی و ئەندامانی حیزبەکە لە کۆمیسیۆنەکە چەند جارێک داوایان کردووە، پێویستە شاندێکی کۆمیسیۆن سەردانی ئیمرالی بکات و گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بگرێت.
 
کەپۆلو جەخت لەو داواکارییەی دەم پارتی دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستە مرۆڤ گوێ لە هەموو لایەنەکان بگرێت، ئەگەرنا ناگەیتە چارەسەر. کاتێک دەردەکەوێت کە موخاتەبی سەرەکیی ئەم چارەسەرییە کێیە، کە ئەویش عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بێگومان پێویستە گوێی لێ بگیرێت."