پاپا لیۆ لە تورکیا: پێویستە ئایین بۆ پاساودان بە هەڵگیرساندنی جەنگ رەتبکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پاپا لیۆی چواردەیەم، لە رێوڕەسمێکدا لە تورکیا داوای یەکڕیزیی کریستیانەکانی کرد و پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد و گوتی، "پێویستە بە تووندی بەکارهێنانی ئایین بۆ پاساودان بە هەڵگیرساندنی جەنگ، ئەنجامدانی تووندوتیژی یان هەر شێوەیەکی پەڕگیری و دەمارگیری رەتبکەینەوە."
 
رۆژی هەینی 28-11-2025، لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، پاپا لیۆ چووە شاری ئیزنیکی باکووری رۆژئاوای تورکیا و لەگەڵ پاتریارک بارسۆلۆمیۆی یەکەم، سەرۆکی کریستیانە ئۆرسۆدۆکسەکانی جیهان، نوێژ و نزایان کرد.
 
پاپا لیۆی چواردەیەم رەخنەیەکی تووندی لە بەکارهێنانی ئایین بۆ تووندوتیژی گرت و گوتی، "ئەمڕۆ، هەموو مرۆڤایەتی کە بەهۆی تووندوتیژی و ململانێوە ئازاری چەشتووە، داوای ئاشتی دەکات."
 
پاپای ڤاتیکان هەروەها گوتی، پێویستە بە تووندی بەکارهێنانی ئایین بۆ "پاساودان بە هەڵگیرساندنی جەنگ، ئەنجامدانی تووندوتیژی یان هەر شێوەیەکی پەڕگیری و دەمارگیری رەتبکەینەوە."
 
پاپا لیۆ گوتی، لەبری ئەوانە، "ئەو رێگایانەی پێویستە بگیرێنەبەر، رێگەی کۆبوونەوەی برایانە، دیالۆگ و هاوکارین."
 
رێوڕەسمەکە لە بەردەم کەنیسەیەکی سەدەی چوارەم کە لەژێر ئاوی دەریاچەی ئیزنیکدایە، بەڕێوەچوو. لە ساڵی 325ی زایینیدا سەدان قەشە لەو شوێنە کۆبوونەوە و (باوەڕنامەی نیقییە)یان داڕشت، کە دەقێکە تاوەکو ئەمڕۆش چەقی ئایینی مەسیحی پێکدەهێنێت. ئەوکات بە شاری ئیزنیک دەگوترا نیقییە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، نزا بە چەندین زمان خوێندرایەوە و پاپا، کە هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، بە زمانی ئینگلیزی گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، یادی کۆبوونەوەی نیقییە "دەرفەتێکی بەنرخە" بۆ ئەوەی بپرسین: "عیسای مەسیح لای هەر یەکێک لە ئێمە کێیە؟"
 
پاپا لیۆ رۆژی 27-11-2025 گەیشتە تورکیا و بڕیارە چوار رۆژ لەوێ بمێنێتەوە، دواتر رۆژی 3ـی مانگ بەرەو بەیرووت دەکەوێتەڕێ. دوێنێ پێنجشەممە لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازیی لێکرا و سەردانی مۆنیومێنتی ئەتاتورکی کرد. بڕیارە سبەی شەممە لە یارگەی ڤۆڵکسڤاگن لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ کریستیانەکان نزا بکات، هەر رۆژی شەممە بڕیارە لە ئیستەنبووڵ سەردانی مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد بکات.