سکاڵا لەسەر ئەو مەلایە تورکە تۆمارکرا کە داوای قڕکردنی کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەلایەکی دیاری سەر بە جەماعەتی ئیسماعیل ئاغا لە تورکیا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هێرشی تووند دەکاتە سەر کورد و داوا لە سوپای تورکیا دەکات ئەو خۆپێشاندەرانەی بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان دەچنە سەر شەقامەکان "قڕیان بکەن" و بە زیندوویی نەیانهێڵنەوە. بارۆی ئامەدیش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.
ئیسماعیل هونەرلیجە، کە یەکێکە لە دەموچاوە ناسراوەکانی جەماعەتی ئیسماعیل ئاغا، لە ڤیدیۆیەکدا فەتوای کوشتنی ئەو هاووڵاتییانە دەدات کە چەند رۆژێکە لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
ئەو مەلایە بە ئاشکرا هانی سوپا دەدات بۆ بەکارهێنانی تووندترین شێوازی تووندوتیژی و کوشتن دژی خۆپێشاندەران و دەڵێت: "با سەربازەکانم دەستیان تووند بکەن، با بە زیندوویی نەیانهێڵنەوە. با فەرمانی کوشتن بدەن و هەموویان بکوژن. من دەڵێم فەرمانی کوشتنیان بدەن، ئیدی بەسە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ئاراستەی سەربازانی تورکیای دەکات، هونەرلیجە دەڵێت: "لێبدە سەربازم لێبدە؛ خودا ئازایەتیتان دژی کافرەکان زیاتر بکات. با رەگیان بقڕێندرێت."
جگە لە خۆپێشاندەران، ئەو مەلایەی جەماعەتی ئیسماعیل ئاغا هێرش دەکاتە سەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستانیش و تۆمەتباریان دەکات بەوەی خزمەتی ئەجێندای دەرەکی دەکەن.
مەلایەک لە تورکیا داوای کوشتنی ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن: بێبەزەیی بن و بیانکوژن
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 29, 2026
هیوا جەمال: ئەم مەلایە تەنیا مێزەرەکەی لە مەلا دەچێت pic.twitter.com/DdJxWRxKHz
هونەرلیجە دەڵێت: "ئێوە 50 ساڵە بۆ ئەمریکا و جووەکان رادەوەستن، هێشتا تێر نەبوون؟ ئێوە 50 هەزار سەربازی ئێمەتان شەهید کرد. هێشتاش دەڵێن ئازادی؛ ئەمە چ ئازادییەکە؟"
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "ئەم گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە بە ئاشکرا بانگەوازە بۆ تووندوتیژی و هاندانە بۆ ئەنجامدانی تاوان. سەبارەت بەم گوتارە مەترسیدار و ورووژێنەرانە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کراوە."
تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا لەبارەی بانگەوازەکەی مەلای جەماعەتی ئیسماعیل ئاغاوە هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە کە بە ئاشکرا کورد دەکاتە ئامانج و فەرمانی کوشتنیان دەدات.