تورکیا دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی لە گرێ سپی و سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان رەت دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سنووری شارۆچکەکانی گرێ سپی و سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان رەت دەکاتەوە و دەڵێ، ئەرکی هێزەکانی لەو ناوچەیە بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026 راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە چەند خاڵێک لە سنووری گرێ سپی و سەرێ کانی دەکەن. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو هەواڵانەی باس لە کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە هەندێک ناوچەی رۆژئاوای کوردستان دەکەن "راست نین. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ناوچەکە بە هاوئاهەنگی حکومەتی سووریا چالاکییەکانیان بەردەوامە. گرنگە بایەخ بە هەواڵی لەو شێوەیە نەدرێ کە مەبەست لێی چەواشەکارییە." 
 
سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەردەمی بەشار ئەسەد کە تورکیا پاڵپشتی دەکردن، لە تشرینی یەکەمی 2019 ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی "کانیی ئاشتی" بۆ سەر سنووری گرێ سپی و سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.