ئەردۆغان: ئیستەنبووڵ پێنج ساڵ تەمەنی بەفیڕۆ چوو؛ ناهێڵین پێنج ساڵی دیکە هەمان چارەنووسی هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "ئیستەنبووڵ پێنج ساڵ تەمەنی بەفیڕۆ چوو؛ پشت بە خودا ناهێڵین پێنج ساڵی دیکە هەمان چارەنووسی هەبێت."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە خوانی بەربانگ بۆ چاودێرانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە ناوچەی سانجاکتەپە لە ئیستەنبووڵ ئامادەبوو و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، "هەڵبژاردنمان بە ئامرازێکی وەرگرتنی مۆڵەت لە گەل زانیوە بۆ درێژەدان بە خزمەتکردن و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچڵی ماونەتەوە. بۆیە جگە لە هەڵبژاردن هیچ رێگەیەکی دیکەمان بە رەوا نەبینیوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، پێچەوانەی سەردەمەکانی رابردوو، کە بە پیلان و کودەتا دەسەڵاتیان وەردەگرت."
 
سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی رکابەرایەتییەکان لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد و گوتی، ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی بەربژێری جەهەپە "هێندە خەریکی پیلانگێڕی و سیاسەتی چەپەڵە، هێندە خەریکی بانگەشە نییە. ئەمجارە خەڵکی ئیستەنبووڵ رێگە نادەن ئەکرەمە ئەفەندی لە ئیستەنبووڵ براوە بێت. ئەو بۆ بردنەوە دەست دەخاتە نێو دەستی هەموو نەیاران و مامەڵەی جۆراوجۆریش دەکات."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دەنگەکانیان بۆ بردنەوە بەکارناهێنن، بەڵکو مامەڵە بە دەنگی دەنگدەرانیانەوە دەکەن و بە جانتا دۆلار و یۆرۆ دەیانفرۆشن و کڕیاریشیان هەیە. ئەمە سیاسەتێکی زۆر پیسە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ کرد، بەتایبەتی چاودێرانی سەر سندووقەکان، بۆئەوەی یەک دەنگیش نەفەوتێت و گوتی، "رێکخستنەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر ماندوو بوون؛ ئەمجارەش کاری سەرەکی و گرنگتان لە رۆژی هەڵبژاردن دەبێت."
 
هەر لەبارەی ئیستەنبووڵەوە ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "ئیستەنبووڵییەکان چاویان لەوەیە پێنج ساڵی داهاتوویان پڕ بێت لە خزمەت و ئاوەدانی. ئیستەنبووڵ پێنج ساڵ تەمەنی لەدەستدا، بەڵام پشت بە خودا ناهێڵین پێنج ساڵی دیکە هەمان چارەنووسی هەبێت."
 
لەبارەی موراد کوروم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور لە ئیستەنبووڵ، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "متمانەم بە موراد کوروم هەیە بۆ ئەوەی زیانی پێنج ساڵی رابردووی ئیستەنبووڵ قەرەبوو بکاتەوە و لەم پێنج ساڵەدا تەواوی خزمەتگوزارییەکان بە باشترین کوالێتی پێشکێش بکات. لەو باوەڕەدام لە 1ی نیساندا قۆناخێکی نوێ بۆ ئیستەنبووڵییەکان دەست پێدەکات."
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و 1272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێینەن و 49.41٪یشیان پیاون؛ هەروەها 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.