ئەردۆغان: لە پرۆسەی چارەسەری گەیشتووینەتە قۆناخێکی هەستیار
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێک کە پێویستی بە مامەڵەیەکی "هەستیارتر" هەیە و دەڵێت، "چاوەڕوانین هەمووان بە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بکەن."
ئەردۆغان، لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای "هەوڵە تێکدەرانەکان"، 18 مانگ بەسەر دەستپێکی پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و زۆربەی ئاستەنگەکان تێپەڕێندراون.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "بە پەسندکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتی، گەیشتووینەتە قۆناخێک کە پێویستی بە مامەڵەیەکی هەستیارتر هەیە."
سەرۆککۆماری تورکیا، دەنگۆی وەستانی پرۆسەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە گرنگی بەو دەنگە بەتاڵانە نادەین. ئەوانەی سیناریۆی رەشبینانە لەسەر پرۆسەکە دەنووسن، مامەڵە لەگەڵ گومان دەکەن، نەک راستییەکان."
ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە وەک پێویست بەڕێوەدەچێت و گوتی، "ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی چەک و زیاتر بەهێزکردنی توانای دیموکراسی و سیاسەتی مەدەنی، دەستمان بەم رێگایە کرد."
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد وریای لێدوان و کردەوەکانیان بن بۆ ئەوەی زیان بە پرۆسەکە نەگەیەنن و گوتی: "هەر کەسێک بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات، ناوی لە مێژوودا تۆمار دەکرێت و هەر هەوڵێکیش ئاستەنگ بخاتە بەردەم پرۆسەکە، لە بەردەم مێژوودا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر لە 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
لە 11ـی تەممووزی 2025 دا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبولی چەکیان سووتاند. دوتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-2-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسندکرد.