جەهەپە دوو مەرج بۆ بەشداریکردنیان لە لیژنەی پرۆسەی چارەسەری دەخاتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لەبارەی مەرجەکانیان بۆ بەشداریکردن لە لیژنەی پرۆسەی چارەسەریدا دەڵێت، یان دەبێت ژمارەی ئەندامانی فراکسیۆنەکان یەکسان بکرێن، یانیش دەبێت بڕیارەکان بە رای زۆرینەی لیژنەکە بدرێن.
ئۆزگور ئۆزەل، رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025 لە ئەنقەرە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو ژمارانە رەتدەکەنەوە کە نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ دیاریکردنی ئەندامانی فراکسیۆنەکان بۆ لیژنەی پرۆسەی چارەسەری دیاری کردوون و دەڵێت: ''ئەو ژمارانە هیچ یەکسانییەکی تێدا نییە''.
ئۆزەل دوو مەرجی بۆ بەشداریکردنیان لە لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری داناوە، لەبارەی مەرجی یەکەم گوتی، ''دەبێت پارتەکان لە لیژنەکەدا بەشێوەیەکی یەکسان نوێنەرایەتی بکەن. واتە نابێت بڕیارەکان لەلایەن یەک کەسەوە دەربکرێن، بەڵکو دەبێت بە سازان دەربکرێن''.
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی مەرجی دووەم ئاماژەی بەوە کرد، ''دەبێت بڕیارەکان بە رای زۆرینە دەربکرێن. واتە سێ لەسەر پێنجی یاخود دوو لەسەر سێی لیژنەکە بڕیارەکان دەربکەن و ئەو یاسایانەی پێویستن، پێشکێشی پەرلەمان بکرێن''.
ئۆزەل رایگەیاند، گەورەترین کێشەی تورکیا ''نەبوونی دیموکراسی و دادپەروەرییە''، بۆیە گوتی، دەبێت ئەو لیژنەیە کار بۆ ئازادکردنی هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە (دەم پارتیی ئێستا) و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بکات.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکدێت و داوا لە ئاکپارتی کرابوو 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
بۆ ئەم مەبەستەش نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی، 25ی تەممووزی 2025، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی 31ی تەممووز ناوی ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن.
تاوەکو ئێستا هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە ناوی چوار ئەندامەکەی خۆیان بۆ لیژنەکە دیاری کردووە.