تەندروستیی ئیسماعیل بێشیکچی جێگیرە
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەری تورک، بەرەو جێگربوونە، دوای ئەوەی لە کاتی نمایشکردنی بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی خۆی لە فێستیڤاڵی "فیلم ئامەد"، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، سەڕا بوجاک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد، لە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە سەردانی ئیسماعیل بێشکچی کرد. رایگەیاند، "هیچ پێشهاتێکی نوێی نەرێنی رووینەداوە. هۆشی لەجێیە و وەڵامدانەوەکانیشی باشن."
هەژماری فەرمیی گەورەشارەوانیی ئامەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "هاوسەرۆکمان سەڕا بوجاک، سەردانی ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەر کرد، کە بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە لە 27ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لەژێر چاودێریی چڕدایە."
بوجاک، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پزیشکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە، زانیاریی لەبارەی تەندروستیی بێشکچییەوە دا و رایگەیاند، بۆ ماوەیەکی کورت لە بەردەم دەرگای چاودێریی چڕ بێشیکچی بینیووە و گوتی، 'سڵاوی خەڵکی ئامەدمان پێگەیاند، ئەویش بە زەردەخەنەوە سڵاوی نارد."