تورکیا کوشتنی فەخریزادە سەرکۆنە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی کوشتنی ناوبراوی کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە، زانای ئێرانی، دڵگران بووین. ئەم کارە قێزەونە سەرکۆنە دەکەین و سەرەخۆشی ئاراستەی حکومەتی ئێران و خێزانی خوالێخۆشبوو دەکەین."
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، تورکیا دژ بە هەموو هەوڵێکی تیرۆریستییە کە ئامانجی تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، داوایشی کردووە بکەرانی ئەو "کارە تیرۆریستییە" بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێندرێن.
 
ئێوارەی هەینی 2020/11/27 لەسەر رێگەیەکی نزیک تارانی پایتەختی ئێران، موحسین فەخریزادە کە بە "باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران" ناودەبرێت، کوژرا. رووداوەکە دەسەڵاتدارانی ئێرانی نیگەران کرد و ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە. تاران هەڕەشەی تووندی تۆڵەکردنەوە دەکات و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژکردووە. حکومەتی ئیسرائیلیش بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
 

A post shared by Rudaw (@rudaw)