تورکیا دەیەوێت نێوەندگیریی ئێران و ئەمریکا بکات؛ سنوورەکانیشی تووندتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تورکیا رایدەگەیێنن، ئەنقەرە لەگەڵ سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنیازی نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. هاوکات لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی نەخوازراو و مەترسی لەسەر رژێمی ئێران، حکومەتی تورکیا رێوشوێنی ئەمنیی تووندتر لە سنوورەکان دەگرێتەبەر.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە ئەنقەرە. سەردانەکە لە کاتێکدایە گرژییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان، هەڕەشەی هێرشی سەربازیی کرد و گرووپێکی هێرشبەری دەریاوانیی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکەدا بە هاوتا ئێرانییەکەی دەڵێت، وڵاتەکەی "ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان."
بەگوێرەی سەرچاوەکە، هاکان فیدان پەیامی ئەوە دەداتە تاران کە تورکیا دژی "هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازییە" لە دژی ئێران و بە "مەترسییەکی گەورەی هەرێمی و جیهانی" دەزانێت. پێشتر فیدان رایگەیاندبوو: "هێرشکردنە سەر ئێران هەڵەیەکی ستراتیژییە؛ ئێران ئامادەیی نیشانداوە جارێکی دیکە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستاندن بکاتەوە."
هاوتەریب لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی تورکیا ئاشکرای کرد، ئەنقەرە تاوتوێی پلانی جێگرەوە دەکات بۆ پاراستنی سنوورە 500 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ ئێران.
بەرپرسەکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران و رژێمەکە بکەوێتە مەترسییەوە، تورکیا رێوشوێنی توندتر دەگرێتەبەر."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموون سەلماندوویەتی دیواری کۆنکرێتی بەتەنیا بەس نییە، بۆیە بژارەی بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازیی زیاتر و فراوانکردنی سیستمی چاودێریی تەکنەلۆژی لە پلانەکەیاندا هەیە.