عێراق مانگانە نزیکەی 11 ملیۆن دۆلار تەنیا لە بەکارنەهێنانی ئاسمانەکەی زیان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی داخستنی ئاسمانی وڵات لە ئەنجامی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، عێراق تەنیا لە بەکارنەهێنانی ئاسمانەکەی رۆژانە 360 هەزار دۆلار زیانی پێدەگات.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رۆژانە نزیکەی 750 بۆ 850 فڕۆکەی هێڵە ئاسمانییە جیهانییەکان بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕین."
 
سەبارەت بە زیانە داراییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی، "کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی عێراقدا 450 دۆلارە؛ ئەگەر تێکڕای ژمارەی فڕۆکەکان بە 800 فڕۆکە هەژمار بکەین، ئەوا داهاتی رۆژانە 360 هەزار دۆلار بووە، کە مانگانە دەکاتە 10 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار."
 
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بەردەوامیی داخستنی ئاسمان بەڕووی گەشتەکاندا، ئێستا عێراق بە تەواوی ئەو داهاتە مانگانەیەی لەدەستداوە، کە نزیکەی 11 ملیۆن دۆلارە.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕ، ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی مانگی رابردووە ئاسمانی عێراق داخراوە.