ئەردۆغان: فیدراڵی لە سووریا خەیاڵێکی خاوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دروستکردنی حکومەتێکی فیدراڵ لە سووریا دەڵێت، ''جگە لە خەیاڵێکی خاو، هیچی دیکە نییە''. دەشڵێت، لە سووریا جگە لە حکومەتی شام، هیچ دەسەڵاتێکی دیکە قبووڵ ناکەن
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە ئیتاڵیا، لە نێو فڕۆکە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی کرد.
 
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025 کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
 
ئەردۆغان لەبارەی ئەو کۆنفرانسەوە گوتی، ''دروستکردنی پێکهاتەیەکی فیدراڵی جگە لە خەیاڵێکی خاو، هیچی دیکە نییە. ئەمە لە واقعی سووریاش جێگەی نابێتەوە. پێشنیاز دەکەم، بڕیار لە پێناوی خزمەتکردن بە سەقامگیریی ناوچەکە بدەن، نەوەک خەیاڵی دروستکردنی حکومەتێکی فیدراڵ بکەن و بڕیار بۆ هەڕەشەکردن لە ناوچەکە بدەن''.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ''رێگە بە هیچ هەوڵێک نادەین هەڕەشە لە سەقامگیریی هەمیشەیی سووریا و ناوچەکە بکات. لەلایەن بەرپرسانی سووریا راگەیێندراوە، لە سووریا جگە لە حکومەتی شام، هیچ دەسەڵاتێکی دیکە و جگە لە سوپای سووریا هیچ گرووپێکی چەکداری قبووڵ ناکرێت''.
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، ''یەکپارچەیی خاکی سووریا بۆ ئێمە جێگەی سازش نییە. دەشزانین حکومەتی سووریاش بە هەمان هەستیارییەوە مامەڵە دەکات.''
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ''گەورەترین هەڕەشە و مەترسی لە سووریا چییە؟'' ئەردۆغان گوتی، ''رێکخراوە تیرۆریستییەکان گەورەترین مەترسین. حکومەتی سووریا بۆ ئەم مەبەستە بەشێوەیەکی زۆر سەقامگیرانە هەنگاو لەبارەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە دەنێت''.
 
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ئەردۆغان گوتی: ''ئەوەی ئیسرائیل دەیکات ئاژاوەگێڕییە و جێگەی قبووڵ نییە. هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو رێگری بکەین لەوەی، ناسەقامگیریێکی دیکە روو لە سووریای دراوسێمان نەکات. ئامانجی ئێمە، شەڕوپێکدادانی زیاتر نییە لە ناوچەکە، بەڵکو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی زیاترە''.
 
سێ رۆژە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سووریا و چەکدارانی دروزەکان لە چەند ناوچەیەکی دیمەشق بەردەوامە، ئیسرائیل پشتگیری لە دروزەکانی سووریا دەکات و تەنیا ئەمڕۆ چوارشەممە چوار جار هێزەکانی سووریای بۆردوومان کردووە.