هاوسەرۆکی دەم پارتی: تورکیا نابێت کورد لە سووریا بە هەڕەشە ببینێت

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەم پارتی رایگەیاند، بەئەنجامنەگەیشتنی پڕۆسەی چارەسەری ''وادەکات تورکیا لە نێو کێشەکانی خۆیدا گیر بخوات''. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، ''تورکیا ئیدی نابێت کورد وەک هەڕەشە ببینێت''.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025 لە گوتارێکیدا لە ئامەدی باکووری کوردستان رایگەیاند، ''کورد بۆ تورکیا هەلی بەرقەرارکردنی ئاشتییە. کورد هاوکات دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا بەهێز بێت و لە ئابووری و دیموکراسیدا ببێتە نموونە''.
 
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان پێیوایە، بەئەنجامنەگەیشتنی پرۆسەی چارەسەری، ''وادەکات تورکیا لەنێو کێشەکانی خۆی گیر بخوات. بەمەش 85 ملیۆن کەس زەرەرمەند دەبن''.
 
باکرهان بانگەوازەکەی ئۆجەلانی لەبارەی چەکدانان بە ''ئومێدبەخش'' وەسفکرد و داوای کرد حکومەتی تورکیا و هەموو پارتە سیاسییەکان هەوڵ بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری بدەن و نەهێڵن بەربەستی بۆ دروست بکرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. پەکەکەش رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان سەرپەرشتی لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
 
هاوسەرۆکی پارتەکە لەبارەی رۆژئاوای کوردستان جەختیکردەوە، تورکیا ئیدی نابێت کورد وەک ''هەڕەشە'' ببینێت، ''نابێت تورکیا لەو داواکارییەکانەی کورد کە لە وڵاتانی جیاجیا باسی کردوون، بترسێت. وەک چۆن ئێمە لە تورکیا بەدوای چارەسەرەوەین، قامیشلۆیش بە هەمانشێوە لەگەڵ شام بەدوای پرۆسەیەکی چارەسەرییەوەیە''.
 
ئەو گوتانەی باکرهان لە کاتێکدان، رۆژی 26ـی ئەم مانگە، لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو و تێیدا باس لە چەند داواکاریێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا کرا.