بوومەلەرزەیەک لە کۆنیای تورکیا روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای کۆنیای تورکیا روویدا.
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە کاژێر 06:40 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، لە شارۆچکەی ئڵگنی سەر بە پارێزگەکە روویداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 15:6 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بوومەلەرزەکە لە پارێزگەکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە. تاوەکو ئێستا هیچ دۆخێکی نەرێنی لە ئارادا نییە''.
 
رۆژی 23ی نیسانی ئەم ساڵ، لە کاژێر 12:13 خولەک تاوەکو کاژێر 13:02 خولەک، چوار بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ روویان دا کە بەهێزترینیان گوڕەکەی 6.2 پلە بوو بە پێوەری رێختەر. هەر چوار بوومەلەرزەکەش بە قووڵایی جیاواز لە دەریای مارمارا تۆمار کران.
 
بە گوتەی داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، 151 هاووڵاتیی برینداربوون کە زۆربەیان بەهۆی خۆهەڵدان لە بەرزاییەوە بوو.