ئەندامێکی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە: وازمان لە تێڕوانینی رووخاندنی دەوڵەتی تورکیا هێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنسەی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە دەڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ بەدیموکراسیبوونی تورکیا دەدەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "وازمان لە تێڕوانینی رووخاندنی دەوڵەتی تورکیا هێناوە."
 
خەبات ئاندۆک، ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، "ئێمە گۆڕاوین. پەکەکە کە رێکخراوێکی 52 ساڵەی خەباتمان بوو، هەڵوەشێندرایەوە. شێوازی خەباتی چەکداریمان کۆتایی پێهێنا. بۆ بەدیموکراسیبوونی تورکیا، هەرچییەکمان لەدەستبێت، دەیکەین."
 
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە 12ی ئایاری ئەم ساڵ بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
ئەو ئەندامی کۆنسەی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا خەمی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە تورکیا چۆن ببێتە دەوڵەتی یاسا، هەموو خەباتمان بۆ ئەوەیە. وازمان لە تێڕوانینی رووخاندنی دەوڵەت (تورکیا) هێناوە. هەر خۆی رێبەرەکەمان بە تەواوی ئەمەی روونکردووەتەوە."
 
ئاندۆک جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی پرسی کورد کردەوە و گوتی، "تورکیایەک پرسی کورد چارەسەر نەکات، بەدیموکراسیبوونی ئەستەمە."
 
لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی "برایەتیی کورد و تورک" لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئەندامەکەی کۆنسەی کەجەکە گوتی، "لە هزری تورکیادا شتێک نییە بەناوی کورد، تاوەکو دەوڵەت باس لە برایەتیی ئەو نەتەوەیە بکات. تۆ سەرەتا دان بە بوونیدا بنێ."
 
ساڵی 2013 پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەیەی پەکەکە و ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.