هاکان فیدان: بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئێران لە وان دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئێران بەمنزیکانە لە پارێزگای وان کۆنسووڵخانە دەکاتەوە و دەشڵێت، بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵ عەباس عێراقچی پێکەوە بەشداری لە کردنەوەی کۆنسووڵخانەکە دەبم.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2025، دوای کۆبوونەوەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لە تاران بەڕێوەچوو.
عەباس عێراقچی، لە پاڵ پەیوەندییە سیاسییەکان، باسی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە کرد. جەختی لەوە کردەوە، ئێران پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکات و پشتیوانی لە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەکات.
عێراقچی تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە سەرباری ئاگربەست و نانەوەی کێشە لەگەڵ سووریا و لوبنان. رایگەیاند، "ئیسرائیل دووژمنی هاوبەشی ئێران و تورکیایە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتگیری قسەکانی عێراقچی کرد و گوتی، کۆکە لەگەڵ عێراقچی، بەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی هاوبەشە بۆ سەر هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگرن لە سەقامگیری سووریا و لوبنان. گوتی: "تورکیا لە پاڵ ئێرانە بۆ بابەتی دانوستاندنی ئەتۆمی. پێمانوایە سزاکانی سەر ئێران دادپەروەرانە نین."
عێراقچی، ئاماژەی بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: "بەمنزیکانە بە خۆشحاڵییەوە کۆنسووڵخانەیەکی نوێ لە وان دەکەینەوە."
هاکان فیدان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەبارەی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئێران لە وان و رایگەیاند، "چاوەڕێین بە زووترین کات کۆنسووڵخانەی وان بکرێتەوە، منیش لەگەڵ عەباس عێراقچی برام، ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبم."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کاری زۆر ماوە لە رووی پەیوەندییە ئابوورییەکان بیکەن. گوتی: "پێویستمان بەوەیە دەروازە سنووری و گومرگی زیاتر بکەینەوە بۆ ئەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانمان فراوانتر بکەین و سیستمێکی تایبەتی بۆ دابڕێژین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، بابەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی ئەفغانییەکان یەکێک بوو لە مژارەکانی کۆبوونەوەی نێوانیان. جگە لەوەش یەکێک لە ئامانجەکانی چوارەمین سەردانی بۆ ئێران، ئامادەسازیی بووە بۆ سەردانی بەمنزیکانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئێران.