سەرۆکی جەهەپە: ئەو گوتارە رەتدەکەینەوە کە دەڵێت 'کورد یەکسانە بە تیرۆریست'

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ، باسی لە پرسی کورد و پێشهاتەکانی سووریا کرد. رایگەیاند، ئەو گوتارە رەتدەکەنەوە کە دەڵێت "کورد یەکسانە بە تیرۆریست". جەختیکردەوە "ئەمجارە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی ئیمپریالیستەکان براوە نەبن، بەڵکو خەڵکی ئەم خاکە بێت."
 
ئۆزگور ئۆزەل، بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی زنجیرە "دیدارەکانی داهاتووی هاوبەش" کرد کە بە ناونیشانی "کۆنفرانسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی" بەڕێوەچوو.
 
ئۆزەل، لە گوتارەکەی دا کە نوێنەرانی رەوتە سیاسییە جیاوازەکان، ئەکادیمیست و هونەرمەندان ئامادەی بوون، جەختی لەوە کردەوە کە دابینکردنی ئاشتیی ناوخۆیی لە تورکیا پێویستییەکی حەتمییە.
 
سەرۆکی جەهەپە، ئاماژەی بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی پارتەکەی لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دا کرد و دژایەتیی خۆی بۆ بەکارهێنانی ئەو پرسە وەک ئامرازێکی سیاسی دەربڕی.
 
ئۆزەل گوتی، "ئەم پرسە بارگرانییەکی کۆمەڵایەتیی قورسە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە. گەلەکەمان دەیەوێت لەم بارە رزگاری بێت، کۆتایی بە تیرۆر بێت و دیموکراسی ببوژێتەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم پرسە لەژێر چەتری پەرلەماندا، بە شەفافیەت و بوێرییەوە چارەسەر بکەین."
 
رەخنەی تووندی لە لێکۆڵینەوەکان و دانانی قەییوم بۆ سەرۆک شارەوانییەکان گرت و دۆسیەی "رێککەوتنی شارەوانییەکان"ی بە "بەڵگەی شەرمەزاری" ناوبرد.
 
ئۆزەل گوتیشی: "ئەمڕۆ رووبەڕووی تێڕوانینێک بووینەتەوە کە نوێنەرایەتیی کورد لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکاندا بە تاوان دەزانێت. ئەو سزایەی بەسەر ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئێسەنیورتدا سەپێنرا، دەستگیرکردنی رەسوول ئەمرە شاهان و دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، گورزێکی ئاشکرایە لە ئاشتیی تورکیا. ئەم سەرکێشییە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکدەدات. ئێمە سەرەڕای هەموو جۆرە هەڕەشە و ئاژاوەکان، لە کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دەمێنینەوە و بەرگری لە ئاشتی دەکەین."
 
سەرۆکی جەهەپە، باسی لە گۆڕانی دەسەڵات لە سووریا و پێشهاتەکانی ئەودیوی سنوور کرد و رایگەیاند، پێویستە تورکیا رۆڵێکی بنیاتنەرانە ببینێت.
 
ئۆزەل، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی دەستووردا دەکەن و گوتی: "تورکمان، کورد و عەرەب لە سووریا هەموویان برای ئێمەن. ئێمە بە ئاشکرا ئەو گوتارە تێکدەرانە رەتدەکەینەوە کە کورد دەکەنە ئامانج، شکۆی بریندار دەکەن و هەوڵدەدەن تێڕوانینی 'کورد یەکسانە بە تیرۆریست' سەرلەنوێ بەرهەم بهێننەوە. ئارامی و خۆشگوزەرانیی سووریا، دەستکەوت بۆ تورکیاش دەبێت. هەواڵەکانی رێککەوتن لە سووریاوە جێگەی دڵخۆشین، بەڵام نابێت ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی پەکخستنی ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا، بەڵکو پێویستە خێراتری بکات."