سەرۆکی هوداپار: ناوی کۆماری عەرەبیی سووریا جیاکاری دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار)، خۆشحاڵیی خۆی بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەربڕی. راشیگەیاند، "ناوی کۆماری عەرەبیی سووریا جیاکاری دروست دەکات."
 
زەکەریا یاپیجیئۆغلو، رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026 رایگەیاند، شەڕی ناوخۆی سووریا کە 14 ساڵە بەردەوامە، ئازارێکی زۆری بە خەڵک گەیاندووە.
 
یاپجیئۆغلو، جەختی لەوە کردەوە کێشەکان تەنیا بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن و گوتی، "خەڵکی سووریا بە پێی پێویست ئازاریان چەشتووە. ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە کە چارەسەر بە دیالۆگە. گەیشتن بە رێککەوتنێک لە سووریا جێگەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە. بانگەوازی ئێمەش هەر ئەوە بوو؛ دانیشن، قسە بکەن و رێکبکەون. مادام سیستەمێکی نوێ دادەمەزرێت، دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری بێت و هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە. دەبێت عەرەب، تورکمان و کوردیش بتوانن بڵێن، دیمەشق پایتەختی منیشە."
 
سەبارەت بە دەستووری نوێ و سیستەمی سیاسی، یاپجیئۆغلو، ئاماژەی بەوەدا، جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی لە ناوی دەوڵەتدا هەڵەیە و گوتی، "بەکارهێنانی ناوی وەک 'کۆماری عەرەبیی سووریا' یان 'سوپای عەرەبیی سووریا' بریندارکەرە. ئەمانە ناونانی دروست نین و دەبنە هۆی جیاکاری. دەبێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە هەبێت و سیستەمەکە لەسەر بنەمای دادپەروەری دابمەزرێت."
 
سەرۆکی هوداپار، رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی ئەمریکا لە سیاسەتی جیهانی دا گرت و رایگەیاند، واشنتن وازی لە زمانی دیپلۆماسی هێناوە و بە ئاشکرا پەنای بۆ زمانی هەڕەشە بردووە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئارامی لە سووریا بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گرنگیی ژیانەوەی هەیە و ئاگربەست لە سووریا هیوای ئاشتیی ناوخۆیی لە تورکیا زیاتر دەکات.
 
یاپجیئۆغلو، ئەوەشی خستەڕوو کە پرۆسەی ئاشتیی نێوان ساڵانی 2013-2015 بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە شکستی هێنا و گوتی، "ئەگەر شەڕی قورس لە سووریا روویدابا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زیانی پێدەگەیشت. دروستبوونی زەمینەی رێککەوتن نیگەرانییەکانی نەهێشتووە و ئێستا چانسی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زۆر زیاترە."