داواکاری گشتیی کۆنیا: 10 کەس لەسەر کوشتنی خێزانە کوردەکە دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی هەینی، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. رووداوەکە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و لە تورکیا بەرەی دەسەڵات پێیانوایە تاوانێکی "قێزەونە"، بەڵام پەیوەندیی بە کورد و تورکەوە نییە، کەچی ئۆپۆزیسیۆن پێچەوانەی دەسەڵات بیردەکەنەوە.
داواکاری گشتیی کۆنیاش ئاماژە بەوە دەکات، 10 کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە 31-07-2021 سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەم رووداوە بەهۆی دووژمندارییەکی 11 ساڵانەوە روویداوە. پێموایە هاوڕێیەکانمان لە نزیکترین کاتدا دەستگیریان دەکەن. ئەمە هيچ پەيوەندييەكى بە پرسى كورد-توركەوە نييە ئەو هەڵسەنگاندنانەى كە لەسەر بنەماى نەژادی دهكرێن، بریتیین له چەواشەکاری، ئيستیفزاز و عهقڵیهتێكن لە دژى يەكێتى ئەم وڵاتە. هەر هێرشێك كە لهپێناو نههێشتنی يەكێتیى ئەم وڵاتەدا ئهنجامدهدرێت، دەبێت بزانرێت كە يەكبوون و پێكەوەبوونمان زۆر زياتر دهكات".
لە لایەکی دیکەوە میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەڵێت، "ئەوە پیلانێکە دژ بە گەلی کورد" و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پارتەکەی کرد. هەروەها دەشڵێت، "دەسەڵات بەدژایەتیکردنی هەدەپە، بەبڵاوکردنەوەی رق و کینە، دژایەتی کورد دەکات و زمانی دووژمنکارانەی بەردەوام لە دژی کورد بەکاردەهێنێت."
ئەمڕۆ شاندێكی هەدەپە و شاندێکی جەهەپە بەجیا سەردانی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر ئەو خێزانە کوردە.
رۆژی هەینی لە یەکەم کاردانەوەدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و داوای ئەوەی کرد کە تاوانباران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "چاوەڕوان دەکەم ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەتەواوی سزابدرێن".
12ـی ئەم مانگەش گرووپێکی "تووندڕەو" هێرشیان کردە سەر هەمان خێزان و هەر حەوت ئەندامی خێزانەکەیان بریندار کرد. ئەوکات بەشێک لەو گرووپە "تووندڕەوە" دەستگیرکران و دواتر پێنج کەسیان ئازادکران.
ئەو خێزانە کوردە 24 ساڵ بوو لەو ناوچەیەی کۆنیا دەژیان. ئەو ماڵەی ئەوکات هێرشیان کردبووە سەر خێزانە کوردەکە، دراوسێی خۆیان بوون.