یاری بەخت لە ئیستەنبوڵ بووەتە كولتوور

رووداو - ئیستەنبوڵ

یاری بەخت، یاخود یانەسیب بە یەکێک لە کولتوورە باوەکانی سەری ساڵ دادەندرێت لە تورکیا، کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ دەست بە فرۆشتنی بلیتەکان دەکرێت و لە ماوەیەکی کورت دا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بلیتەکان دەفرۆشرێت. براوەی خەڵاتی یەکەم بۆ ئەمساڵ 50 ملیۆن لیرەی تورکی، ئەمەش زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلار دەکات. که‌ له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵ دا ڕاکێشانه‌که‌ی بۆ ده‌کرێت.

ئەگەرچی وەزارەتی کاروباری ئایینی ئاماژە بەوە دەکات کە کڕینی و فرۆشتی و یاریکردنی یانەسیب حەرامە، بەڵام ئەمە هیچ کاردانەوەی لە پڕ فرۆشی بلیتەکان نەکردووە. فرۆشیاران و کڕیاران لەم یانەسیبە رازین.
 
لەگەڵ ئەوەی لە شەقام و کۆڵانی سەرجەم شارەکان بلیتەکان دەفرۆشرین، بەڵام هەندێ بنکەی فرۆشتنی بلیتی یانەسیب ناوبانگی بەوە دەرکردووە کە براوەکانی ساڵانی پێشوو لەو بنکانەوە بلیتەکانیان کڕیوە، ئەمەش وایکردووە قەرەباڵخییەکی زۆر لەو بنکانە دروست ببێت و سەرەی بۆ بگرن.