هۆکاری راستەقینەی دابەزینی زێڕ و زیو

 
کاتێک کۆتایی هەفتەی رابردوو، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکبووەوە لە 5600 دۆلار و نرخی زیویش گەیشتە 122 دۆلار، زۆربەی شارەزایان هۆکاری ئەو بەرزبوونەوە سەیرەیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی خۆیان دۆلار چی دیکە وەک ئەو دراوە متمانەپێکراوە نێودەوڵەتییە نەماوە کە سیستمی دارایی جیهان لەسەری بنیاتنراوە. ئەوان دەیانگوت، بێ بەهابوونی دۆلاری ئەمریکی وایکردووە کە زێڕ شوێنی دۆلار بگرێتەوە، لەبەرئەوەیە نرخەکەی بەشێوازی سەیروسەمەرە بەرزبووەتەوە.
 
تاوەکو هەفتەی رابردوو، نرخی دۆلار دابەزیبوو بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا. دابەزینەکەشی بەردەوام بوو تاوەکو ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ وەک خۆی گوتەنی، لەنێوان دوو (کێڤن)ـدا، مەبەستی (کێڤن هاسێت) و (کێڤن وارش)دا، (کێڤن وارش)ـی بۆ سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندی ئەمریکا هەڵبژارد. (کێڤین هاسێت)ـی وەک خۆی لە پۆستەکەی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانی هێشتەوە. 
 
بەربژێرکردنی کێڤن وارش، بازاڕی زێڕ و زیو و کانزاکانی، تێکڕا بە بڕی 10 تریلیۆن لە رۆژی هەینی دابەزاند. 
 
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام داوای کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات، بەڵام بە کردەیی کەسێکی هەڵبژاردووە بۆ سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندی کە لە مێژووی کارکردنیدا وەک یەکێک لە پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی لەنێوان 2006 تاوەکو 2011 بەردەوام لایەنگری لە سیاسەتی تووندی نەختی کردووە بۆ ئەوەی هەڵاوسان لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت. بە واتایەکی دیکە هەرچەندە ترەمپ لایەنگری لە دابەزاندنی سوودی بانکی دەکات، بەڵام کەسێکی دەستنیشانکردووە کە رەنگە هێندە گوێڕایەڵی نەبێت.
 
وارش لە ستانفۆرد ئابووری خوێندووە و لە هارڤارد یاسای تەواوکردووە. لە نێوەڕاستی قەیرانی دارایی جیهان کە لە 2008 دا روویدا، یەکێک بووە لە 7 پارێزگارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە سوکانی ئابووریی ئەمریکایان بەدەستەوە بووە. بنەماڵەی وارش هەر لە کۆنەوە دۆستایەتیان لەگەڵ بنەماڵەی ترەمپ هەیە. باپیری خێزانە ملیاردێرە ناسراوەکەی، یەکێک بوو لە بەخشێنەرەکان بە کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ. تەنانەت کاتێک هەفتەی رابردوو، پەیامنێرێک ئەو قسەیە بەڕووی ترەمپ دەدات، سەرۆکی ئەمریکا بە شڵەژانەوە گوتی، "ئاخر هەندێ جار بەرزکردنەوەی سوودی بانکیش پێویستە".
 
بەشێک لە بەرزبوونەوە خێراکانی نرخی زێڕ لە ئەم ساڵدا بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و تەشەنەکردنی کێشە جیۆسیاسییەکانی دیکەی جیهان دەگەڕێتەوە. هێوربوونەوەی ئەو کێشانەش، کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی زێڕ و زیو هەبوو. ترەمپ شەوی رابردوو گوتی دانوستاندن لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن.
 
هەرچەندە شەپۆلی فرۆشتنی زێڕ و زیو لە دوای دەستنیشانکردنی وارش دەستیپێکرد کە بووە هۆی گۆڕینی ئاراستەی نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بۆ دابەزین، بەڵام بەردەوام بوونی و تووندبوونی دابەزینەکە پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکی تەکنیکی لە بازاڕی بۆرسەی شیکاگۆ. 
 
ئەگەر بۆرسەی نیویۆرک گەورەترین بۆرسەی جیهانە کە تێیدا پشکی کۆمپانیاکان مامەڵەی پێوەدەکرێت، بۆرسەی شیکاگۆ لە بەرامبەردا گەورەترین بازاڕی کانزا و کاڵاکانە لە جیهاندا. لەو بازاڕەدا بە زۆری گرێبەستەکانی داهاتوو مامەڵەیان پێوەدەکرێت. هەستی نێو بازاڕی گرێبەستەکانی داهاتوو راستەوخۆ کاریگەری لەسەر گرێبەستە هەنووکەییەکان دەکات. گرێبەستی داهاتوو ئەوەیە تۆ گرەو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بۆ نموونە زیو دەکەیت کە لە مانگی داهاتوودا یان دوو مانگی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە. ئەمڕۆ گرێبەستێکی زیو دەکڕی بۆ مانگی داهاتوو. ئەگەر نرخەکەی مانگی داهاتوو بەرزبووەوە، کاتێک کە گرێبەستەکە مانگی داهاتوو بەسەردەچێت بەبڕی ئەو جیاوازییە قازانج دەکەی. بەپێچەوانە ئەگەر نرخی مانگی داهاتوو دابەزی بوو، زیان دەکەی. 
 
بۆ روونکردنەوەی زیاتر، لە بۆرسەی شیکاگۆ یەک گرێبەستی زیو، 5000 ئۆنسەیە. ئەگەر نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ نموونە 100 دۆلار بێت، بەهای کڕینی گرێبەستێکی زیو دەکاتە 500 هەزار دۆلار. بەڵام خۆ تۆ زیوی فیزیکی ناکڕێت و تەنیا مامەڵە بە گرێبەستەکەیەوە دەکەیت. کۆمپانیا و نێوەندگیر و برۆکەر و بانکەکان بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆر لەو بازاڕەدا دەستاودەست بکرێت و بازاڕ گەرم بێت، رێگەت پێدەدەن لەڕێگەی دانانی رێژەیەکی کەمی کۆی بەهای گرێبەستە بتوانی مامەڵەی پێوەبکەی. ئەو رێژەیە پێی دەڵێن ( مارجین). ئەگەر مارجینی کڕینی گرێبەستێکی زیو 5٪ بێت. بۆ کڕینی گرێبەستێکی 500 هەزار دۆلاری زیو پێیویستە تەنیا 25 هەزار دۆلارت هەبێ.
 
تاوەکو رۆژی 30ـی مانگی 12ـی ساڵی 2025، بۆ کڕینی گرێبەستێکی داهاتووی 500 هەزار دۆلاری زیو لە بۆرسەی شیکاگۆ، 20 هەزار دۆلار پێویست بوو، واتا مارجینەکەی 4٪ بوو. رۆژی 30 ـی 12 بۆرسەی شیکاگۆ مارجینەکەی لە 20 هەزار دۆلارەوە بەرزکردەوە بۆ 25 هەزار دۆلار، واتا بەرزیکردەوە بۆ 5٪. ئەمە ئەو کاتە بوو کە نرخی زیو گەیشتە 80 دۆلار و بەرپرسانی بۆرسەی ترساند بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەوەی بازرگانان ریسکی زۆر بکەن و گرەو لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی بکەن، بەڵام بازرگانان لەوە تێنەدەگەیشتن. 
 
رۆژی 13ـی مانگی یەکی 2026، بۆرسەی شیکاگۆ بنەمای دۆلاری لادا و سیستمی مارجینەکەی گۆڕی بۆ رێژە. بڕیاریشیدا مارجینی زیو 9٪ بێت و مارجینی زێڕیشی کردە 5٪. ئەمە ئەو کاتە بوو کە نرخی ئۆنسەیەک زیو گەیشتە 100 دۆلار و نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش گەیشتە 4500 دۆلار. واتە لە 13ـی مانگی رابردووەوە بۆ کڕینی هەمان گرێبەستی 500 هەزار دۆلاری زیو، پێویستیت بە 45 هەزار دۆلار بوو. رۆژی هەینی کە دابەزینی گەورەی نرخی زێڕ و زیو دەستیپێکرد، بۆرسەی شیکاگۆ مارجینی زێڕی لە 9٪ وە بەرزکردەوە بۆ 11٪. بە واتایەکی دیکە 45 هەزار دۆلارەکە کە پێویست بوو بۆ کڕینی گرێبەستێکی زیو بەرزیکردەوە بۆ 55 هەزار دۆلار. بۆرسەی شیکاگۆ بەوەش نەوەستاوە، زانیویەتی بازاڕ شڵەژاوە، ئەم شەممەیە دیسان بەیاننامەیەکی دەرکردووە و دەڵێت، لە دوای داخرانی بازاڕەکان لە رۆژی دووشەممە، مارجینی زیو لە 11٪ وە بەرزدەکاتەوە بۆ 15٪. مارجینی زێڕیش لە 5٪ـەوە بەرزدەکاتەوە بۆ 8٪.
 
ئەمە کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی لەسەر دابەزینی نرخی زێڕ و زیو و کانزاکانی دیکە هەیە. 
 
لەڕۆژی هەینییەوە نرخی زێڕ و زیو دادەبەزن.
 
ئەو بازرگانەی کە تاوەکو رۆژی هەینی 45 هەزاری پێویست بوو بۆ راگرتنی یەک گرێبەستی زیو، رۆژی هەینی ناچاربوو 10 هەزار دۆلاری دیکە بخاتەسەر هەژمارەکەی و بیکاتە 55 هەزار دۆلار بۆ ئەوەی هەژمارەکەی دانەخرێت و مایەپووچ نەبێت. لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان لە رۆژی سێشەممەشەوە دەبێت 20 هەزار دۆلاری دیکەی پێ زیاد بکات و هەژمارەکەی بەرزکاتەوە بۆ 75 هەزار دۆلار و بیگەیێنێتە رێژەی 15٪ کە بۆرسەی شیکاگۆ داوای دەکات. ئەگەرنا بەهۆی ئەوەی نرخی زیو لە دابەزینە، مایەپووچ دەبێت. ئەگەر بازرگانێک یان کۆمپانیایەک بۆ نموونە 1000 گرێبەستی 500 هەزار دۆلاری زیوی هەبێت، بەو واتایە کە لە دوای بەیاننامەکەی رۆژی شەممەی بۆرسەی شیکاگۆ تاوەکو رۆژی دووشەممە، لەو ماوە کەمەدا دەبێت 20 ملیۆن دۆلار دەستبخات و بیخاتە سەر هەژمارەکەی. ئەگەر نا سیستمی ئۆتۆماتیکی بۆرسەی شیکاگۆ مامەڵەکانی قەپات دەکات و مایەپووچ دەبێت. جیاوازیی نییە لە چ وڵاتێک بیت، دەستخستنی 20 ملیۆن دۆلار لە ماوەی چەند رۆژدا بە نزیکەی زۆر ئەستەمە ئەگەر نامومکین نەبێت. لە بۆرسەی شیکاگۆ هەزاران بازرگانی وا هەن کە هەزاران گرێبەستی زیو و زێڕیان هەیە و ناتوانن پارێزگاری لە مامەڵاکانیان بکەن و ناچارن بە زیانێکی زۆر لە بازاڕدا دەربچن بۆ ئەوەی مایەپووچ نەبن. ئەمە هۆکاری ئەو شەپۆلی گەورە و خەیاڵی فرۆشتنەیە کە نرخی زێڕ و زیو وەها دادەبەزێنێت. نەمانی لانیکەم 10 تریلیۆن دۆلار لە بازاڕدا بە تەنیا لە یەک رۆژدا.
 
دابەزینەکە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟
 
تاوەکو ئەو کاتەی لێدوانێکی نوێ لە بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکی بانکی ناوەندی دەرنەچێت و نەڵێت بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی یان مەترسییە جیۆسیاسییەکان تووندتر دەبن یان خواستی ئەو کانزایانە لەلایەن چین و بانکە ناوەندییەکانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزنەبێتەوە، ئەستەمە بەخێرایی نرخی زێڕ و زیو بگەنەوە ئاستە بەرزە مێژووییەکانیان کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پێی گەیشتن.