"ئیدریس بارزانی دەبووە کیسنجەری کورد"

 
سەردەمانێک لاپەڕەی گۆڤار و رۆژنامەکانی بەخۆیەوە مژوول کردبوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی وەکو خۆی دەیگوت شەڕی لەگەڵ گەندەڵی دا بەرپا کردووە، هەرچەندە لەو شەڕەدا براوە نەبوو، بەڵام زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا، وەکو خۆی دەڵێت بە سەرکردەکانی ئەم وڵاتەی گوتووە، گوێم لە ئاوازێکی ناخۆشە، ئاوازێک لە هەموو مەترسییەکانی دیکە بۆ سەر وڵاتەکەمان کوشندەترە، ئەگەر لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێت دەبێت هەموومان کاڵەک بە ئەژنۆی خۆمان بشکێنین.
 
باسی جەلالی سام ئاغا دەکەم کە بۆ ماوەی 8 ساڵ بەڕێوەبەری چاودێریی دارایی بوو لە هەرێمی کوردستان. 
 
دەمێک بوو، خۆم دەمویست، هەروەها چەندین کەسایەتی پێشنیازی ئەوەیان بۆ کردم بۆچی بەرنامەی (پەنجەمۆر)ی لەگەڵ ناکەم، هەرچەند لە نزیکەوە دەمناسی و چەندین جار لە ماڵەکەی خۆی لە گردی سەرچنار سەردانیم کردبوو، لەبەرئەوەی ماڵەکەی وەکو تەکییەکە هەموو جۆرە کەسایەتییەکان رووی تێدەکەن و دایمە جمەی دێت، شێوەی قسەکردن و گێڕانەوەکانیشی بەجۆرێکن مرۆڤ بەلای خۆیدا رادەکێشێت، بۆیە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن.
 
کاتێک دەچووم بۆ لای، هەندێک بەسەرهاتی خۆی دەگێڕایەوە، بەڵام هێندە لەسەر گەندەڵی گوتراوە بۆیە دەمویست زیاتر مێژوویەکی دیکە و لاپەڕەیەکی دیکەی ژیانی بگێڕینەوە، بەتایبەتی مێژووی سلێمانی و ئەو ساڵەی کە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە لە ساڵی 1974دا، ئەمانە بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوون، کەچی ئەو لەپڕێکدا دەچووەوە بۆ دیوانی چاودێری و دەیهێنایەوە سەر بەڕە بۆری گەندەڵی و دەکەوتە گیانی ئەو بەرپرسانەی کە بە خەم سامانی ئەم وڵاتەوە نەهاتوون و نایێن. ئەو دەڵێت، "گەندەڵی بە لیژنە دروستکردن و پڕۆژە چارەسەر ناکرێت، ئەگەر ئیرادە نەبێت و هەموو تاکێک لە سەرەوە تاوەکو خوارەوە لەبەردەم یاسادا وەکو یەک نەبن و سزا نەدرێن، چارەسەر ناکرێت."
 
جەلالی سام ئاغا هێشتا خۆی بە چەپ دەزانێت، ئاخر سەردەمانێک لە حیزبی شیوعیی عێراقییەوە نزیک بووە، بەڵام دەڵێت چەپبوون نەیکردمە ئەندامی حیزبی شیوعیی عێراق، پێشمەرگایەتی نەیکردمە پارتی و دۆستایەتیم لەگەڵ مام جەلال نەیکردمە یەکێتی، زوو زوو مەسەلەی ناحیزبیبوونی خۆی دووبارە لە (پەنجەمۆر)دا دووپات دەکاتەوە.
 
جەلالی سام ئاغا زۆر بە تاسەوە باسی سەردەمی یەک ساڵەی پێشمەرگایەتیی خۆی لە ناوپردان، گەڵاڵە و حاجی ئۆمەران دەکات، باسی دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ پێشمەرگە و بەرپرسەکانی شۆڕش دەکات. ئاخر کاک جەلال کارەکتەرێکی گرنگی ناو شۆڕش بووە لە ئەمیندارێتیی گشتی، کە وەزارەتخانەیەک بووە بۆ خۆی، وەکو دەوڵەت کاریان کردووە! بۆئەوەی باسەکە گەرموگوڕ بکەم، لێی دەپرسم ئەرێ شۆڕشیش گەندەڵیی تێدابوو؟ دوای کەمێک بیرکردنەوە دەڵێت: هەبوو، بەڵام زۆر کەم بوو و لێپرسینەوەمان دەکرد، خەڵک هەبوو لەگەڵ لێپرسینەوەدا بوو، بەڵام دەیگوت با زۆریش تووند نەبین.
 
یادەوەری لەگەڵ ماڵەکەی عەبدولخالق مەعرووف، رادیۆی شۆڕش، بەسەرهاتی مەیتەکەی مام هەژار بۆ ئەوە دەبن داستان و فیلمیان لێ بەرهەم بهێندرێت و لەو رێگایەوە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بە مێژوویەک ئاشنا بکەین، کە تک تک شانازییان لێ دەتکێت.
 
هەرچەندە کاک جەلال خۆی بە کوردستانی دەزانێت و، عەلی سام ئاغای مامی کە دۆستێکی نزیکم بوو لە کاژیکە دێرینەکان بوو، کەچی هەستێکی سلێمانییانەی تێدا بەدیدەکرێت، ئاخر کاتێک باسی کاک ئیدریس بارزانی دەکات، وەکو پیاوێکی کراوە و خاوەن بەرپرسیارێتی و بە دیسپلین ناوزەدەی دەکات، بەڵام بە بزەیەکەوە دەڵێت، "بەخوا باوکم تامێکی خۆمانەی لێدەهات،" مەبەستی تامێکی سلێمانییانەیە.
 
من دەمویست زیاتر بیجووڵێنم باسی سەردەمی شۆڕشم بۆ بکات، پێی دەڵێم ئەرێ کاک جەلال راستە دەڵێن، نووسەر و هونەرمەندان ببوونە بار بەسەر شانی پێشمەرگەوە و هەر خەریکی نووکتە گێڕانەوە و ژیانی خۆیان بوون، نەدەچوونە بەرەکانی شەڕ و خۆیان دەدزییەوە؟ کاک جەلال دەڵێت، 70%ی وەڵامی پرسیارەکەت، بەڵێ یە. بەسەرهاتێکی خۆی و ئیدریس بارزانی و نووسەران و ئەدیبابی کورد دەگێڕێتەوە، کە لە بەرنامەکەدا دەیبینین، کاک جەلال یەک دوو جار ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئیدریس بارزانی کەسایەتییەکی تایبەت بوو، "بۆیە هەر ئەوکات بە هاوڕێیەکانم دەگوت، لە داهاتوودا ئەم پیاوە دەبێتە کیسنجەری کورد." کیسنجەر وەزری دەرەوەی ئەمریکا بوو لەو سەردەمەدا، کە لە بەشێک لە سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا زیاتر لە مێژووی جیهان دا نێوبانگی هەیە. کیسنجەر دوای دوورکەوتنەوەی لە کاری دەوڵەتی، راوێژی داوەتە زۆرترین سەرۆک و ناوەندەکانی ئەمریکا. ئەگەرچی کورد ئەزموونێکی تاڵی لەگەڵی دا هەبوو، بەڵام کیسنجەر کەسایەتییەکی جیهانییە و لە مێژوودا مەگەر چەرچلی بەریتانی هێندە قسە لەسەر تواناکانی کرابێت.
 
زۆر بابەتی تایبەت لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا لەگەڵ جەلالی سام ئاغا دەچنە لاپەڕەکانی مێژووەوە و نامەوێت هەر بە باڵای کاک جەلال دا هەڵبدەم، بۆیە لێم پرسی کاک جەلال خەڵک دەڵێن تۆ بە رۆژ دژی بەرپرسان و گەندەڵکاران قسەت دەکرد و بە شەویش لەگەڵیان دا دیشلەمەت دەخواردەوە؟
 
جەلالی سام ئاغا دەڵێت، "مام جەلال هاوڕێم نەبوو، بەڵکو دۆستم  بوو، هەمیشە بەینم لەگەڵ مەم جەلال دا خۆش بوو، بە کاک جەلالی خۆم بانگی دەکردم، بەڵام راشکاوانە قسەم لەگەڵ دەکرد و بەبیرم دەهێنایەوە گوێم لە زەنگی خراپبوون دەدا."
 
حەزم دەکرد لاپەڕەی رەبەنییەکەی هەڵدەمەوە و هۆکارەکەی بزانم، بەڵام ئەو نەیویست لە بنی هەمانەکە بدات، بۆیە گوتی لێمگەڕێ ئەوە داخێکە و با لەگەڵ خۆمدا بیبەمە ژێر گڵەوە. باسی خۆشەویستیی خۆی و کچێکی عەرەب دەکات، خۆشەویستیی کچە عەشایەرێکی بەنێوبانگی عەرەب، هەست دەکەم هێندە کاریگەریی لەسەر رۆحی داناوە، بۆیە زۆرجار بە بەیتێک شیعر یان پەندێکی عەرەبی دەیەوێت بەرانبەرەکەی قایل بکات.
 
زۆر بەسەرهات و گێڕانەوەی تایبەت بە پێشمەرگایەتی، حوکمڕانی، گەندەڵی و دۆستایەتی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە (پەنجەمۆر)ی تۆمارکراو لەگەڵ جەلالی سام ئاغادا شایەتییان لەسەر دەدرێت.
 
ئەمەی من گێڕامەوە تەنیا بەرکوڵێک بوو لە 6 کاژێری بەرنامەکە.