پشتی پەردەی چەکدانانی پەکەکە لە سلێمانی
پلان وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکەم هەنگاوی چەکدانان پەیڕەوبکات. بەپێی زانیارییەکان، پۆلێک لە چەکدارانی پەکەکە کە ژمارەیان لە 40 چەکدار کەمترە، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا وەک یەکەم هەنگاوی پراکتیکی، چەکەکانیان دادەنێن. ئەگەرچی تائێستا بە فەرمی کات و شوێنی رێوڕەسمەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی نێوخۆی تورکیا باس لەوە دەکەن کە رێوڕەسمەکە لە ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە دیاریکراوی ئاماژە بە گوندی تووەسووران لە شارۆچکەی سەنگەسەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی رانیە دەکات.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لەو رێوڕەسمەدا ئامادەبێت و یەکێک بێت لەو سەرکردانەی پەکەکە کە چەک دادەنێت. دوای چەکدانانەکە، چاوەڕێ دەکرێت قەرەسوو پەیامێکی پەکەکە بخوێنێتەوە و دواتر چەکدار و فەرماندە بەشدارەکان بگەڕێنەوە قەندیل. تائێستا دیار نییە کە ئاخۆ رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی میدیاکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت یان نا، بەڵام وێنە و ڤیدیۆی چەکدانانەکە بڵاودەکرێتەوە.
ئەوەی بۆ دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت)، کە ئێستا راستەوخۆ سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکات، گرنگە، پرسی ئاسایشی رێوڕەسمەکەیە. چاوەڕوان دەکرێت لەو مەراسیمەدا نوێنەری بەغدا، هەولێر و تورکیا ئامادەبن. سەرجەم ئەو چەکانەی لە مەراسیمەکەدا کۆدەکرێنەوە، جۆر و ژمارەیان تۆماردەکرێن و رادەستی میت دەکرێن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دانیشتنێکی نانی بەیانیدا لەگەڵ ئەندام پەرلەمانان ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای وەرگرتنەوەی چەکەکانی پەکەکە، لەژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریدا، بە ئامێری تایبەتی کارەبایی دەتوێندرێنەوە و لەنێو دەبردرێن.
بڕیار وایە رۆژی 9ی تەممووز، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ ئەردۆغان کۆببنەوە. ئامانجی سەردانەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوە سیاسی و یاساییەکانی داهاتوو لە پڕۆسەی ئاشتیدا. بەتایبەتی شاندی دەم پارتی ئێستا کار بۆ گەڕێکی دیکەی هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی تورکیا دەکات، بەمەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە چەکەکانیان رادەست دەکەنەوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت مەراسیمی چەکدانانی چەکدارانی پەکەکە، پێش کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام بدرێت.
ئەم هەنگاوە مێژووییەی پەکەکە لەم قۆناخەدا، پاڵپشتی و برەوێک بە پڕۆسەی ئاشتی، یان پڕۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر)، دەدات. هەروەها وەڵامێک دەبێت بۆ ئەوانەی پێیان وایە پەکەکە چەک دانانێت. هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەکەوە لە 1ی ئۆکتۆبەری 2024 تاوەکو ئەمڕۆ، جۆرێک لە سستی لە پڕۆسەکەدا بەدی دەکرێت. هەندێک ئەو سستییە بە خاوبوونەوەی دەوڵەت لە پڕۆسەکەدا لێک دەدەنەوە و هەندێکیش بە ستراتیژییەکی ورد و لەسەرخۆ پێناسەی دەکەن، بەڵام ئەوەی روونە، هۆکاری سستیی پڕۆسەکە بریتییە لە بێمتمانەیی نێوان پەکەکە و دەوڵەت و بوونی ئیرادەیەکی شپرزە لەنێوان هەردوولادا. لەگەڵ ئەوەشدا، هەریەک لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە گەرمی کار لەسەر پڕۆسەکە دەکەن. بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای پڕۆسەکە، ئێستا متمانەیەکی باشتر لەنێوان ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتیدا هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمراڵی، لە دوایین دانیشتنیدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، راشکاوانە باسی لەوە کردووە کە پڕۆسەی ئاشتی لەنێو ریزەکانی دەوڵەتدا بەسەر دوو بەرەی هاوتەریبدا دابەش بووە: بەرەیەکیان هەوڵ بۆ زەمینەسازیی یاسایی، سیاسی و دیموکراسی دەدات، لە بەرامبەریشدا بەرەیەکی دیکە سوورە لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی پەکەکە. ترسی ئۆجەلان لەوەیە کە ئەو بەرەیەی بەردەوامە لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی، زیان بە پڕۆسەی ئاشتی بگەیێنێت. سەرجەم لایەنەکانی نێو پڕۆسەی ئاشتی نایانەوێت پڕۆسەکە درێژەبکێشێت، چونکە درێژکردنەوەی پڕۆسەیەکی وا گرنگ، ئەگەری لەبارچوونی زیاتر دەکات. هەروەها ئۆجەلان بە شاندەکەی دەم پارتیی راگەیاندبوو کە هێشتا میکانیزمی کودەتا لە تورکیا هەیە و نایەوێت پڕۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت. پێم وانییە ئۆجەلان ئەو قسەیەی بێ بنەما کردبێت، بەوپێیەی ناوبراو رۆژانە لە زیندانی ئیمراڵی کارمەندانی هەواڵگری دەبینێت و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.
لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا، "کۆمیسیۆنی پاڵپشتی و یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی" لە پەرلەمانی تورکیا دادەمەزرێت. بڕیار وایە ژمارەی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە لەنێوان 30 بۆ 40 ئەندام پەرلەماندا بێت. جگە لە "ئیی پارتی"، سەرجەم پارتەکانی دیکەی نێو پەرلەمان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کۆمیسیۆنەکەدا نیشان داوە. هەروەها ئەگەری هەیە دەرفەت بە پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی پەرلەمانیش بدرێت تاوەکو بەشداری لەو کۆمیسیۆنەدا بکەن. دوای ئەو هەنگاوە، دەرگەی ئیمراڵی بەڕووی پارتە سیاسییەکانی تورکیادا دەکرێتەوە، ئەگەر داوای بینینی ئۆجەلان بکەن. هەروەها گۆڕانکارییەک لە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دەکرێت کە لەوانەیە لادانی تونجەر بەکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ئەندامی شاندەکە، بگرێتەوە. گوتارەکانی ئەم دواییەی بەکرهان، ئۆجەلانی تووڕە کردووە و داوای کردووە ناوبراو لە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لابدرێت. دەم پارتی ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات کەسێکی یاساناس بکاتە شوێنگرەوەی بەکرهان لە شاندەکەدا.
پرۆسەی ئاشتی، پرۆسەیەکی فرەکارەکتەرە. ئەو فرەکارەکتەرییە، جۆرێک لە سەرلێشێواویی بۆ پرۆسەکە دروستکردووە، بەڵام سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەکەدا رژدن لەسەر سەرخستنی کە لە بەرژەوەندیی تەواوی تورکیا و ناوچەکەدایە. دەزگای هەواڵگریی تورکیا دەیەوێت هەرچی زووە پرۆسەکە بگەیێنێتە قۆناخی کۆتایی، لانی کەم چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکە تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ تەواو ببێت. بۆیە لەم ماوەیەدا بەردەوام لەگەڵ چەند ناوێکی دیاری نێو سەرکردایەتیی پەکەکە لە گفتوگۆدا بوون. بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەواڵگریی تورکیا نایەوێت چی دیکە هێز و توانای خۆی لەم پرۆسەیەدا سەرف بکات، بەڵکو پرسە ناوچەییەکان بۆ سوپا و دەزگای هەواڵگری و لایەنی دیپلۆماسی لە تورکیا لەپێشینەن. ئێستا هەنگاوە تیۆرییەکانی پرۆسەی ئاشتی تەواوبووە و چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکی لە مەیداندا دەکرێت. بۆیە چەکدانانی پەکەکە دەبێتە هەنگاوێکی پراکتیکیی گرنگ لە پرۆسەی ئاشتیدا و چاوەڕوان دەکرێت دەوڵەتی تورکیاش ئیدی هەنگاوی پراکتیکی لەم پرۆسەیەدا بنێت.