دوو مانگ جەنگ چی بەسەر ژیانی ئێرانییەکان هێناوە؟
ئەم رۆژانە زیاتر لە هەر سەردەمێکی دیکە، هاووڵاتیانی ئێران لە کاتی کڕینی پێداویستییە رۆژانەییەکانیان دا لە رەفەی مارکێتەکان رادەمێنن. بۆ کڕینی هەموو شتێک دەبێ حیساب و کیتابی گیرفانیان بکەن. یەک کیلۆ رۆنی چێشتلێنان. یەک دەستە هێلکە. فەردەیەک برنج. دواتر دەبێت بڕیار بدەن کامەیان بکڕن و کامەیان بگەڕێننەوە سەر رەفەکە. لە راستی دا، ئەمە دیمەنی سەرەکی و دیاری ئێرانە لە شەست و پێنجەمین رۆژی شەڕدا. لە ئاداری 2025 تاوەکو ئاداری 2026، نرخی نان و دانەوێڵە بە رێژەی 140% بەرزبووەتەوە، نرخی گۆشتی سوور و پەلەوەر بە رێژەی 135%، نرخی رۆن و چەورییەکان بە رێژەی 219%، نرخی شیرەمەنییەکان، هێلکە بە رێژەی 116.8% بەرزبووەتەوە. ئەمانە ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێرانن، کە ئەو 12 مانگە دەگرێتەوە کە بە یەکەم مانگی شەڕ کۆتاییان هاتووە. ئەم ئامارانە تەنیا سەرەتان، لەبەرئەوەی لەوکاتە بەدواوە نرخەکان یەکجار زۆرتر گران بوون.
خۆراک و دەرمان، ئۆتۆمبێل، ئامێرە کارەباییەکان و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، هەموویان لەم هەفتەیەدا بەراورد بە هەفتەی پێشوو گرانتر بوون. بەهای تمەن، گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی کە 190 هەزار تمەن بەرامبەر بە یەک دۆلارە لە بازاڕی تاران دا. 12 مانگ لەمەوبەر، بەهاکەی نزیکەی 80 هەزار تمەن بوو. تمەن لە ماوەی ساڵێک دا زیاتر لە نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە.
لە بەرامبەردا، حکومەت کەمترین مووچەی مانگانەی بە رێژەی 60% بۆ ساڵی نوێی هەتاوی زیاد کرد. کەمترین مووچەی مانگانە لە ئێران ئێستا کەمترە لە 17 ملیۆن تمەن کە یەکسانە بە تەنیا 92 دۆلار. حکومەت پاڵپشتی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان دەکات کە بڕەکەی کەمترە لە 10 دۆلار بۆ مانگێک بۆ ئەوەی بۆ سەر داهاتی هاووڵاتیان گرانتر نەبن.
جەنگ بە دەگمەن وەک یەک گورز دێت. بەڵکو وەک زنجیرەیەک گوشاری کەڵەکەبوو دێت، کە هەر یەکێکیان بە جیا دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام پێکەوە کارەساتبارن. کاتێک هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات دا بۆ سەر ئێران دەستیان پێکرد، ئابووری ئێران پێشتریش زۆر لاواز ببوو، نەک بەهۆی شەڕەکەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو 10 ساڵەی پێش شەڕ. داهاتی نیشتمانی بۆ هەر کەسێک لە نزیکەی 8,000 دۆلار لە ساڵی 2012 ەوە بۆ 5,000 دۆلار لە ساڵی 2024 دابەزیبوو.
بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP، زیانە فیزیکییەکانی هەزاران هێرشی ئاسمانی بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەرفراوان. زیاتر لە 23,000 کارگە و کۆمپانیا لێدراون. غوڵامحوسێن محەممەدی، جێگری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئێران دەڵێت، ئەمە بووەتە هۆی لەدەستدانی یەک ملیۆن هەلی کار بە شێوازی راستەوخۆ، بە شێوازی ناڕاستەوخۆش ملیۆنێکی دیکەی بێکار کردووە. ئامارە فەرمییەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی داواکارییەکانی بیمەی بێکاری ئاشکرا دەکەن. 147,000 داواکاری لە دوو مانگی رابردوودا، کە نزیکەی سێ هێندەی ساڵی رابردووە.
کارە لەدەستچووەکان هەموو کەرتەکانی گرتووەتەوە. لە نێوان سوپای بێکارە نوێیەکاندا، کرێکارانی پاڵاوگەکان، کارگەکانی دروستکردنی قوماش، شۆفێرانی بارهەڵگر، کارمەندانی فڕۆکەوانی و رۆژنامەڤانان هەن. شرۆڤەکارێکی داتا بە ناوی جەعفەر بە میدیایەکی نێوخۆیی گوتووە کە کۆمپانیاکەی بە تەواوی داخراوە. جەعفەر دەڵێت، "ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە وەک شۆفێری تاکسی ئۆنلاین کاربکەم تەنیا بۆ ئەوەی بژیم. کرێی خانوو و قەرزم لەسەرە و هیچ بیرۆکەیەکم نییە چی روودەدات". سوهەیلا، کە بەڕێوەبەری کارمەندانی فڕۆکەوانییە، بەیانی 28ی شوباتی وەبیر دێتەوە. ئەو دەڵێت "خەریکبوو خۆم ساز دەکرد بۆ گەشتێکی ئاسمانی، بەڵام کارمەندێکم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی هەموو شتێک هەڵوەشاوەتەوە."
بە گوتەی هادی کەحاڵزادە، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی کوینسی، قورسترین بار دەکەوێتە سەر شانی کرێکارانی نافەرمی و کرێکارانی خاوەن کارامەیی نزم و مامناوەند لە کەرتی حکومی دا، کە کەمترین پارێزگاری و کەمترین کاریگەریی سیاسییان هەیە. پەککەوتنی کەشتیوانی و لاوازبوونی هاوردەکاری، 50%ی هەلی کارەکانی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە و 5%ی دیکەی دانیشتووانی پاڵناوە بەرەو هەژاری. UNDP پێشبینی دەکات کە بەهۆی جەنگەوە نزیکەی 4.1 ملیۆن کەسی دیکە لە ئێران بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
لە سەرووی لەدەستدانی هەلی کارەکانەوە، قەیرانێک هەیە کە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا وێنەی نەبووە. پچڕانی نزیکەی تەواوەتی ئینتەرنێت کە ئێستا 65 رۆژی بەردەوامی بەسەردا تێپەڕیوە.
لە 28ی شوباتی 2026، دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت لە ئێران بە رێژەی 98% دابەزی، کە نیشانەی پچڕانێکی نزیک لە تەواوەتی بوو. زۆربەی ئێرانییەکان هێشتا ناتوانن ئینتەرنێتی جیهانی بەکاربێنن ، بەهۆی بڕینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، حکومەتی ئێران دەڵێت گێڕانەوەی لە دەست هێزە ئەمنییەکاندایە. بەپێی رێکخراوی NetBlocks، ئێران یەکەم وڵاتە کە پەیوەندی ئینتەرنێتی هەبووبێت و دواتر بریبێ و ئێستاش گەڕاوەتەوە بۆ تۆڕێکی ناوخۆیی نیشتمانی. هیچ جەنگێک، نە جەنگی ئۆکراینا و نە جەنگی غەززە تەواوی وڵاتێکی بۆ ئەم ماوە درێژە و بەم ئاستە، لە هێڵەکانی ئینتەرنێت دوور نەخستووەتەوە.
دەرئەنجامە ئابوورییەکان روون و دیکۆمێنتکراون. فرۆشی ئۆنلاین بە رێژەی 80% دابەزی لە کاتی پچڕانی ئینتەرنێت دا، پێوەری گشتیی بۆرسەی تاران 450,000 خاڵی لە ماوەی چوار رۆژدا لەدەستدا. وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران دانی بەوەدانا کە پچڕانی ئینتەرنێت رۆژانە 35.7 ملیۆن دۆلار زیانی راستەوخۆ لە ئابووری دەدات. بە هەژمارکردنی زیانە ناڕاستەوخۆکان، شرۆڤەکاران زیانە راستەقینەکانی پچڕانی ئینتەرنێتیان بە رۆژانە 70 بۆ 80 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.
عەسەل، دیزاینەرێکی سەربەخۆی تەمەن 30 ساڵە کە لە تاران دەژی، بەگریانەوە بە CNN دەڵێت "هیچ پڕۆژەیەکی نوێ نییە، هیچ داواکارییەک نییە. وەک ئەوەیە، هەموو شتێک لە شەو و رۆژێکدا وەستابێت."
بەتایبەت بۆ زۆر لە ژنان، پچڕانی ئینتەرنێت وەک رووداوێکی وێرانکەری ئابووری بوو. نەوەیەک لە ژنان و کچانی ئێرانی بژێوی ژیانیان لە رێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە دەستدەکەوت، لە فرۆشتنی زێڕ و خشڵی دەستکردەوە تاوەکو وانە گوتنەوە و کاری راوێژکاری و بازرگانی ئۆنلاین، بەڵام ئەو بژێوییە لە 28ی شوبات دا بە بڕیارێکی فەرمی کوژایەوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، سەرچاوەی بەرزبوونەوەی نرخەکانی بۆ هۆکارە دەروونییەکان و نرخی ساختەی فرۆشیارە چاوچنۆکەکان دەگێڕێتەوە. حکومەت بڕیاریداوە مووچەی فەرمانبەران 60% زیاد بکات، لە کاتێکدا رێگەیداوە زۆربەیان بە مووچەی تەواوەوە لە ماڵەوە کار بکەن. سەعید تاجیک، ئەندامی ژووری بازرگانی تاران، بە میدیایەکی ناوخۆیی ئێران دەڵێت "لە کاتێکدا حکومەت مووچەی کارمەندانی دابین دەکات، لەهەمان کاتدا دامەزراوە ئابوورییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە ناتوانن مووچە دابین بکەن بە ناچاری کارمەند و کرێکارەکانیان کەم دەکەنەوە". تاجیک دەڵێت، "جیاوازی نێوان چینی پارێزراوی حکومی و کەرتی تایبەت بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی سیاسی".
بەپێی مانگی سووری ئێرانی، 307 ناوەندی تەندروستی و پزیشکی و فریاکەوتن تاوەکو سەرەتای نیسانی 2026 زیانیان بەرکەوتووە. نرخی دەرمان زۆر گران بووە. گەورەترین کۆمپانیای کەرەستەی خاوی دەرمانی وڵات لە 1ی نیسان دا بە درۆن بۆردوومانکرا. ئەو نەخۆشخانانەی 15 هەزار برینداریان تەنیا لە ماوەی 16 رۆژی یەکەمی جەنگ دا وەرگرت، سیستمی نێوخۆیی دیجیتاڵیان لەدەستدا کە بۆ هاوئاهەنگی و دابەشکردنی نەخۆشەکان لە نێوان بەشەکاندا بەکاریان دەهێنا.
بانکی ناوەندیی ئێران، لە هەڵسەنگاندنێکی نێوخۆیی بۆ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریداوە کە ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لەوانەیە تاوەکو 12 ساڵ بخایێنێت. تەنانەت گەشبینترین شرۆڤەکارانیش، لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتن، پێشبینی دەکەن تێکڕای هەڵاوسان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 لە دەوروبەری 50% بمێنێتەوە. ئەوە پێنج هێندەی ئەو ئاستەیە کە ساڵی 2019 سەدان هەزار ئێرانی ناڕازی هێنایە سەر شەقامەکان. مامۆستایەکی زمان بە ناوی سوممەیە لە ئەسفەهان، بە میدیایەکی ئەمریکـی گوت، "دابەزینی داهات خراپە، بەڵام ئەوەی خراپترە ئەم دڵەڕاوکێ و نادڵنیاییە بەردەوامەیە. هەرگیز نازانیت دواتر چی روودەدات."
نادیاری و نادڵنیایی لەوانەیە خراپترین هێزی تێکدەری ئابووری بێت لەبەرئەوەی وادەکات پلاندانان مەحاڵ بێت. وەبەرهێنان بەبێ مانابێت و پاشەکەوتکردن بێ سوودبێت. ئەو کڕیارانەی لەبەردەم رەفەی مارکێتەکان رادەوستن، چیدیکە تەنیا حیساب و کیتابی ئەوە ناکەن کە ئەم هەفتەیە دەتوانن چی بکڕن و چی نەکڕن، بەڵکو بیر لەوەش دەکەنەوە تاکەی دەتوانن بەرگەی مانەوە بگرن.