هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی یەکێتی ئەوروپادا


بە پێچەوانەی مەزندە و حیساباتی هەڵەی هەندێ کەس و لایەن، هەرێمی کوردستان نەخراوەتە دەرەوەی هاوکێشە سیاسی و ستراتیژییەکانی دونیای دەرەوە.

ئاماژەکان دەریدەخەن یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە جاران گرینگی بە هەرێمی کوردستان دەدات و پێگەی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لای بەرپرسانی ئەوروپا نەخراوەتە پەراوێزەوە.

یەکێک لەو ئاماژانە، گرینگیدانی دامەزراوە جیا جیاکانی سەربە یەکێتی ئەوروپایە بە زیادکردنی پڕۆژە خزمەتگوزای و ئابووری و رۆشنبیری و ئەمنی و سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان و چاودێریکردنی باردودۆخەکە لە نزیکەوە.

سەردانی شاندی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا بە مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاسایشی گشتی و دروستکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا، بە یەکێک لە هەوڵانە دەژمێردرێت.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا نەیانشاردۆتەوە ئامانجی ئەوان لە سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، خۆی لە ئەنجامدانی چاکسازی لە بوارەکانی ئەمنی لە ئاستی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستاندا بە تایبەتی دەبینێتەوە.

ئەوان ئاماژەیان بەوە داوە، هەوڵەکانیان سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە و تایبەتە بە پێشکەشکردنی یارمەتی تەکنیکی و ئامۆژگاری و پێدانی راوێژ و راگۆڕینەوە و رێکخستنەوە و ئەنجامدانی ریفۆرم و پەرەپێدانی ستراتیژی لە بواری ئەمنی لە هەموو عێراقدا.

لە میانەی دیدارێکمدا لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپادا، ناوبراو ئاشکرایکرد ئەوان لە بەرنامەیاندایە و خوازیارن لە بواری چاکسازی و ریفۆرم و رێکخستنەوەی ئەمنیدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن و هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ.
 
یەکێتی ئەوروپا پشتگیری قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەنجوومەنی ئەوروپا ستراتیژی باڵای خۆی سەبارەت بە عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتووەوە پەسەندکردووە و هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارە خراوەتە نێو ئەم ستراتیژییەوە.

لە خاڵی پێنجەمی ستراتیژیەکەدا یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە دانوستاندنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و بە ئاشکرا داوای کردووە دەستوور بە تەواوەتی جێبەجێبکرێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە لە چوارچیوەی دەستووردا.

هەروەها داوایکردووە هەرێمی کوردستان و بەغدا لە رێگەی ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی هەمەلایەنەوە، بە جیدی هەوڵ بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیانەوە بدەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا فێدریکا مۆگرینی رێکخەری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا بەر لە ماوەیەک، داوای لە  بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد بە پەلە و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقدا، دانوستاندنەکانی نێوانیان دەستپێبکەنەوە ، هەموو هەوڵ و کۆششەکانیان بۆ دابینکردنی سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا بخەنەگەڕ.

ناوبراو هەروەها رۆڵی بەرچاوی هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژ بە داعش بەرز نرخاندووە.

خاڵە پێشنیازکراوەکانی یەکێتی ئەوروپا:

1- دەستپێکردنەوەی بە پەلەی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا.

2- بەرز نرخاندنی رۆڵێ پێشمەرگە.

3- چارەسەرکردنی سەرجەم ناکۆکییەکان لە رێگە و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی تەواوی دەستورەوە.

4- جەختکردنەوە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ناکۆکی و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بە تایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە سامانە سرووشتییەکان و داهات و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە.

5- ناوبژیوانی بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کۆی گشتی کێشەکان.

6- مەرجی بەردەوام بوونی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هاوکاری و یارمەتییەکان، بەندە بە پەرەپێدانی دیموکراسی و گرتنەبەری سیاسەتی هاوبەش و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان.

دواجار هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا بەرەو ئاستێکی باڵاتر و باشتر و پتەوتر هەنگاو دەنێن و هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی ئەوروپا لەڕووی سەربازی و ئەمنی و سیاسی و وزە و بازرگانییەوە گرینگی خۆی هەیە و ئەم گرینگیدانە لە داهاتووشدا هەر بە بەھێزی دەمێنێت و ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک پێگەی ستراتیژی خۆی لە دەست نەداوە و بگرە بەھێزتر بووە.

*دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا