مەلای جزیری، سیمبولی خوداناسی و قوتبی عیرفان و نیشتمانپەروەری
شێخ ئەحمەدی جزیری (1570 - 1640) ناسراو بە مەلای جزیری، شاعیرێکی کلاسیکی کوردە و بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان بە رابەر و دامەزرێنەری شێوەزاری کلاسیزمی کرمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بۆتانی دادەنرێت، یەکێکە لەو شاعیرە مەزنانەی، کە کورد شانازیی پێوە دەکات و بووەتە جێی سەرنج و هەوێنی زانستخوازانی بواری ئەدەب و عیرفان و مەعریفە، پێش ھەموو كەس بە كوردی پەیڕەوی ئەدەبی خۆرھەڵاتی ئیسلامی كرد و سەرلەنوێ بە بۆن و ئاوازی رۆژھەڵات ھۆنراوەی كوردیی نووسی و بنەمای ھونەری ناوچەکەی بە كوردی داڕشت، لە سەردەمی خۆیدا شتێكی ھێنایە پێش، كە تەواو تازە و جیاواز و نوێ بوو.
جزیری، سۆفی و نەقشبەندی بووە، بەڵام مەلایەکی پێشەنگ و بەسەواد و تەواو بووە، تەدریسی زۆری لە بواری زانستە شەرعییەکان کردووە، دەربارەی لێکدانەوەی قورئان و فەلسەفە و ئەستێرەناسی و کیمیا و فیزیک و پزیشکی خوێندەواریی ھەبووە و خەڵکێکی زۆریشی پێگەیاندووە، کاری مەلایەتی لە زۆر شوێن کردووە، بەڵام دواجار لە مزگەوتی سوور جێگیر بووە، كە لە رۆژانی دەسەڵاتی میرانی بۆتاندا شوێنی خوێندن و پێگەیشتن بووە و سەدان فەقێ تێیدا بناغەیان داناوەو بوونەتە خوێندەواری چاک چاک، سەرەڕای ئەمەش لە بواری نووسین و شرۆڤەی ئەدەبی و شیعری ناوازەی عیرفانی و دیوانەکەیدا، بۆتە سەرچاوەیەکی گەورەی بڵاوبوونەوەی رێبازی تەسەوف و داڕشتنی رێڕەوێکی تایبەت لەم نێوەدا، کە هەزارەها خەڵکی خوێندەواری پەلکێش کردووە بۆ دونیای دینداری و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و ناخپاکی و هەوێنی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری، ئەوانەی ئەسپی شارەزایی خۆیان لە مەیدانی فەلسەفەی شیعرەکانیدا تاو نەدابێت، نازانن جزیری چ شۆڕەسوارێکی هەوڵکەوتووی زمان و ئەدەبی کوردی بووە! تەنانەت شرۆڤە و لێکدانەوە و وەرگێڕانی شیعرەکانی ئەگەر لەلایەن شارەزایەکی باشەوە نەبێت، ناتواندرێ وەک پێویست رەوانبێژی و لۆژیک و مەغزای ئەدەبی بدۆزرێتەوە، وەک رۆژھەڵاتناس و كوردناسی بەناوبانگ ڤلادیمێر مینۆرسكی دەڵێت: "ئەگەر رۆژھەڵاتناسی ئەورووپا كەسێكی چنگ نەكەوێت دیوانی مەلای جزیری بگۆڕێتە سەر زمانەكانی ئەوروپی، ئەوا بەڕاستی لە نرخی ئەدەبی كوردی و بەرزی زمانی كوردی ناگات).
لە بواری فەلسەفەی ئەدەبیاتی کورمانجیەوە، لووتکەیەکی بەرز و کەسێکی هەڵکەوتوو بووە، لە ئاستی فکری و فەلسەفییەوە کەمتر سنووداری لێ بەدی دەکرێت، لە زۆر لاوە گونجاو بووە ناوی بیریار و فەیلەسووف و هەڵبەستڤان و شاعیری مەزن و نوێخوازی سەدەی خۆی بناسرێت، بەڵام ئەو لەبەر خۆشەویستی بۆ هەقیقەتی رێبازەکەی و ناواخنی هزر و عیشق و مەعریفەت، زیاتر نازناوی "مەلا"ی هەڵگرتووەو بە مەلای جزیری ناوبانگی دەرکردووە.
ئەوەی جزیری جیا دەکاتەوە لە زۆربەی هۆزانڤان و بیریار و ئەدیبانی دیکە، ئەو هەستە قوڵە عیرفانی و عیشقە راستەقینەیە بووە، کە خۆی لە ئاوێنەی جوانیی خۆشەویستی ئیلاهییەوە دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی لە هزری ئەودا عیشقی دونیایی و جەستەیی دوو رۆژە، بەڵام عیشقی خودایی هەتا هەتایی و هێز و وزە و سوودبەخشی رووحە، بۆیە جزیری ئاوێتەی رۆحێکی گەورەی ئیمانی و ئەو بەها و جوانیانە بووە، کە خودا لە سەر زەوی بە هێزی ئەخلاق ناوی بردووە.
لە رووی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و جزیرەی بۆتان و هەستی نەتەوەپەروەری، مەلای جزیری رابەرێکی مەزن و خاوەن نەخشەڕێیەکی تایبەت و بڵند بووە، لەبەر ئەوەشە لە بەشێکی شیعرەکانی راستەوخۆ ناوی کوردستانی بردووەو هەستی خۆی دەربڕیوە، ئەمەش بووەتە ئیلهامبەخشی قوڵبوونەوەی هەستی نەتەوەیی و کوردینی زۆر لەو سەرکردە و کوردپەروەرانەی دڵسۆزانە لەم مەیدانە هەنگاودەنێن، لەوەوە فێربوون پارێزگاری لە خاک و خەڵک تەنها حەز و خولیا نییە، بەڵکو خۆشەویستی بۆ نیشتمان و کوردستان ئەرکێکی پێویست و ئامانج و رێبازێکی بەرز و پیرۆزە، ئەم تێڕوانین و هەستە بەرزە رووحییە گەورەیە رەنگدانەوەی زۆری بەسەر شیعرەکانیدا هەبووە؛ "گولێ باغێ ئیرەمێ بوهتانم .. شەبچراغێ شەبێ کوردستانم".
هەر ئەمەش وای کردووە مەلای جزیری تەنها رۆڵ و ئەرکی خۆی لە چوارچێوەی مزگەوت و ئامۆژگاری و وتار و وانەوتنەوە نەبینێتەوە، بەڵکو بازنەی کار و هەنگاوەکانی وەک مەلایەکی هەوڵکەوتوو فراوان بکات و سنووری نێوان پارچەکانی کوردستان ببڕێت و هزر و شیعر و تێڕوانینەکانی ببنە هەوێنی هەڵسانەوە و مەشخەڵی رێی کوردایەتی و بەرخودان، بۆیە بەشێکی گەورە سەرکردە و شاعیر و رابەرانی رێگەی خوداناسی و تەریقەتی سۆفیگەری بە گرنگییەوە لە جزیرییان روانیوە و شیعر و دیوانەکەیان کردووەتەوە بنەمای هەستی نەتەوایەتی و هەنگاونان و خزمەت بە خاک نیشتمان، نموونەی ئەمەش بە زیندوویی لە تەکیەی بارزان یاداشت کراوە، کە مەولانا شێخ ئەحمەدی بارزان وەک بایەخدان بە بواری رۆحی و عیرفانی بەردەوام شیعرەکانی مەلای جزیری خوێندووەتەوەو حیکمەتی لێ وەرگرتووە.
وێڕای ئەمەش چەندان بابەت و کتێب و تێزی ماستەر و دکتۆرا، لەسەر دیوان و ژیان و نووسین و هەڵوێست و شیعرەکانی مەلای جزیری نووسراوەو ساڵانەش لێرە و لەوێ کۆنفرانسی تاییەت و نێودەوڵەتی لەسەر کەسایەتی جزیری ساز دەکرێت و توێژینەوەی زانستی و بەهادار پێشکەش دەکرێن، کە بۆ دۆخی مەعریفی و هەستی کوردایەتی؛ هێز و وزەیەکی نوێ دروست دەکەن و رووح دەکەنەوە بەر جەستەی نیشتمان، دواهەمینیان سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی پارێزگای شەرناخ - شارۆچکەی جزیرێ - بەناونیشانی "مەلای جزیری" بوو، کە دەنگدانەوەی ئەرێنی گەورەی لەسەر ئەو شاعیرە مەزنە نایەوەو سەرنجی زۆربەی خوێندەوار و رۆشنبیر و ئەدەبدۆستانی بەلای خۆیدا راکێشا..
هەر لەبەر ئەم کەسایەتییە ئەدەبیەو کاریگەرییەکانی لەسەر بزاڤی نەتەوەیی و تەسەوف و عیرفان بوو، سەرۆک مەسعود بارزانی لەپێناو شیاندن و بایەخدانی بە مەلای جزیری کاریگەربوونی بە هزر و شیعرەکانی، بەشداری سیمپۆزیۆمەکەی کردو وتارێکی بە پێزی لەسەر ئەو زاتە ئەدەبدۆستە پێشکەش کردو ئاماژەی بەو پەیوەندییە رووحیەی نێوان جزیری و شێخانی بارزان دا، گوتی: "لە تەكیەی بارزان، لە حزووری مەولانا شێخ ئەحمەدی بارزانی بەردەوام شیعرەكانی جزیری دەخوێندرانەوە، بۆ ئێمە دەركەوت كە چ نزیكایەتییەكی رووحی لە نێوان ئەواندا هەیە، چونكە رێگەی حەق و حەقیقەت یەكە، هەروەكو جزیری دەفەرموێت: د ئەسل دا کو حەمی ئاڤە چ ئاڤ و چ جەمەد".
هەروەها گوتی: "رۆژێکی زۆر خۆشە بۆ من، کە ئەمڕۆ لە جزیرێ بەشداری دەکەم لە کۆنگرەی چوارەمی مەلای جزیری، کە بۆ ئێمە قوتبێکی زۆر گەورەیە". ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لەلایەکەوە هێمای گرنگ و گەورەن بۆ وەسفی زاتێکی مەزنی وەک جزیری، کە رابەر و دامەزرێنەری شێوەزاری کرمانجیی ژووروو بووە و خاوەنی دیوانێکی تایبەتی شیعری ناوازەیە، لەلایەکی دیکەیشەوە ئاماژەی دیارن بۆ رۆڵی مەلای کورد لە بزاڤی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردی و هزری نەتەوەیی، کە جێی باس و گرنگیدانن و دەبنەی جێی بایەخی خوێندەوار و رۆشنبیرانی ئێستا و بە بەرداکردنەوەی رووحی نیشتمانیانەی هزری جزیری بەقالبی هەموو ئەوانەی لەسەر رێبازی ئایینی و نەتەوەیی هەنگاو دەنێن.
ئەم بەشداری و سەردان و وتارەی سەرۆک بارزانی لە شەرناخی کوردستانی باکوور و جزیرەی بۆتانی مەنزڵگای دەستەڵاتی میرانی بۆتان و بەسەرکردنەوەی هەرسێ شوێنەواری؛ مەزاری حەزرەتی نوح، گۆڕی مەلای جەزیری و مەزارگەی مەم و زین، بەدەر لە لایەنە سیاسیەکەی رەهەندی دیکەیش لەخۆ دەگرێت، بەوەی سەرۆک بارزانی وەک رابەری مەزنی کورد و جێگەداری شێخانی بارزان، دۆزی رەوای گەلی کورد نەک تەنها لە دەلاقەی پەیوەندی و سیاسییەوە دەبینێت، بەڵکو لە سێگۆشەی ئایین و فەرهەنگ و نەتەوەیی دەینرخێنێ و کاری لەسەر دەکات، چونکە ئەمانە پێکەوە مێژوویێکی گەورەی نەتەوەیی و پاشخانێکی دەوڵەمەندی فەرهەنگی و کولتوریین، کە پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد لە باشوور و باکوور دەکات، راستە جزیری نەماوە و دەستەڵاتی میرانی بۆتانیش کۆتایی هاتووە، بەڵام لەرووی هزر و نەتەوە؛ کورد هەر ماوە و نامرێ، لێرەوەیە جارێکی دیکە زانای مەزن مەلای جزیری دەبێتەوە فریادڕەس و قوتبێکی گەورەی شوناسی کورد و فاکتەری گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی و هاوبەشی نێوان ئایدیا و لایەنە کوردییەکان.
راستە دەڵێن سیمبول بۆ هەر نەتەوەیەک هێمای هەڵسانەوە و پەیامی گەورە و مێژوو و شانازییە، بۆیە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ مەنزڵگەی مەلایەکی گەورە و عاریفێکی ئەدیب و ئەدیبێکی نیشتمانپەروەری وەک جزیری مانای خۆی هەیە، بەتایبەت لە سەردانی هەر یەکە لە شوێنەواری مەزاری نوح و گۆڕی جزیری و مزگەوتی سوور و مەزارگەی مەم و زین ئاماژەی گرنگ هەن:
یەکەم: مەزاری نوح؛ بیرخستنەوەی ئەو راستیەیە، کە کوردستان وەک لانکەی دووەمی مرۆڤایەتی، شوێنێکی پیرۆزە، بەڵام ئەم پیرۆزییە خەڵات و مننەتی کەس نییە، بەڵکو بەخشش و ویستی خودای مەزن و دلۆڤانە، کە لە قورئاندا لەسەر زوبانی پێغەمبەر نوح – علیه السلام- باسی لێوە کردووەو دەفەرموێ: (وَقُلْ رَبِّ أَنْزِلْنِي مُنْزَلًا مُبَارَكًا وَأَنْتَ خَيْرُ الْمُنْزِلِينَ) المۆمنون:29، واتە: ههروهها بڵێ: پهروهردگار له شوێنێكى موبارهك و پيرۆز دامبهزێنه، چونكه تۆ چاكترين زاتێكى بۆ ئهوهى له شوێنى موبارهك و پيرۆزدا دامانبهزێنيت. (وَاسْتَوَتْ عَلَى الْجُودِيِّ..) هود:44، واتە: كهشتيهكهش لهسهر كێوى جودى (كه له كوردستانى باكووره) وهستاو لهنگهرى گرت و نیشتەوە.
دووەم: مەلای جزیری و مزگەوت و مەدرەسەی "سوور" هێمایە بۆ بنەمای رەسەنایەتی دینداری و کولتووری نەتەوەیی و هۆشیاری فەرهەنگی و بەرزنرخاندنی رۆڵی گەورە زانایانی کورد، کە بەشی شێریان لەناو میرات و توراسی رۆشنبیری و ئەدەبیاتی کورد هەبووە و هەیە.
سێیەم: مەزارگەی مەم و زینی خانی، ئاماژەی داستانی سیاسی و بیرخستنەوەی مافی چارەنووس و خەونی سەربەخۆیی و ئامانجی نەتەوەییە، کە هیچ کات کورد دەستبەرداری خەونی خۆی نابێت و لەسەر رێچکەو رێبازی شۆڕەسوارانی بزاڤی نەتەوەیی و مەیدانی کوردایەتی و گەیشتن بە ئامانجی باڵای نەتەوەیی بەردەوام دەبێت.
بە کورتی؛ جزیری وەک نموونەیەکی جوان و پێشەنگی مەلای کورد و رابەرێکی دیاری عیرفانی و ئەدەبی و سەرمەشقی هەردوو شاباڵی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری، مێژوویێکی جێی شانازی و مەدرەسەیەکی گەورەی هزری ئایینی و نەتەوەییە، ئەوەی فێرکردین؛ کە ئەدەب و سیاسەت زادەی تێگەیشتنی قوڵی کوردایەتی و سەرکردایەتیکردنی حەکیمانەیە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانیش سەلماندی ئەو تەنها نوێنەری باشووری کوردستان نییە، بەڵکو رابەر و نوێنەری نەتەوەی کوردەو هەڵگری دۆزی رەوای نەتەوەیەکەو پەیامی کورد دەگەیێنێتە هەموو جیهان، بەوەی هەنگاوە گەورەکانی ئەم دۆزە رەوایە لە چوارچێوەی شوناس و ئایین و ئەدەب و مێژووی رەسەنی نەتەوەییمان بە ئەنجام دەگات، نەک هەلومەرجی کاتی و سیاسەتی موزەیف.