نرخی زێڕ لە 2026دا چی بەسەر دێت؟
لە کاتێکدا بەرەو ساڵی 2026 دەڕۆین کە نرخی زێڕ لە 2025دا یەکێک لە هەڵکشانە مێژووییەکانی لەدوای 1971ـەوە تۆمار کرد. ئەم ساڵ زیاتر لە 50 جار بەرزترین ئاستی مێژوویی شکاند، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی 11، زیاتر لە 60% بەرزبووەوە و چوارەم بەهێزترین بەرزبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە دوای ساڵی 1971ـەوە تۆمار کرد. ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوە لەبەر چەندین هۆکاری هاوکات بوو وەک سستبوونەوەی ئابووریی جیهانی، تەشەنەکردنی کێشە جیۆسیاسی و جیۆئابوورییەکان و دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و بەرزبوونەوەی خواستی وەبەرهێنەران و بانکە ناوەندییەکان.
ئێستا کە نزیکبووینەتەوە لە ساڵی 2026 ئەم پرسیارە دروست دەبێت، (ئایا بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت؟)
دامەزراوە داراییەکان پێیانوایە، نرخی زێر لە ساڵی داهاتوودا، هەمووی پەیوەستە بەوەی ئایا ئابووری جیهانی ساڵی داهاتوو سەقامگیر دەبێت یان بەرەو ناجێگیری دەڕوات.
ساڵێکی مێژوویی
زۆربەی شارەزایان پێیانوایە، ئەو خواستەی لەسەر کڕینی زێر ئەم ساڵ هەبووە، بەتەنیا بۆ پاراستنی سەرمایە نەبووە بەرامبەر ناڕوونی و ناجێگیری بازاڕەکان، بەڵکو زێڕ بووەتە سامانێکی ستراتیژی جیهانی. ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ کە نوێترین راپۆرتی لە هەفتەی رابردوودا بڵاوکردەوە دەڵێت، بەرزبوونەوەی 60%ی نرخی زێڕ لە 2025 دا، 12%ی بەهۆی نادڵنیایی جیوسیاسی و جیۆئابووری بووە. 10%یشی بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و سوودی راستەقینەی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا بووە.
ئەوەی لە راپۆرتە نایابەکەی ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ دەردەکەوێت، ئەوەیە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەم ساڵ تەنیا یەک هۆکاری نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری وەک نادڵنیایی، رەوشی ئابووری، کەمکردنەوەی سوودی بانکی و بەرزبوونەوەی خواست، بەڕێژەی یەکسان هۆکار بوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزای زەرد.
لە لایەکی دیکەوە، سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ، لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 700 تۆن زێڕیان کڕیوەو بواری زیاتریش هەیە بۆ زیادکردنی کڕینەکانیان لە ساڵی داهاتوودا. بانکە ناوەندییەکانیش بەردەوام بوون کڕینی زێڕ. ئەم هۆکارانە وادەکات بنەمای بازاڕی زێڕ بەهێزبێت و گرێکوێرەکان بۆ ساڵی 2026 زیاتر بە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕبن تاوەکو دابەزینی.
پێشبینی ناوەندە داراییەکانی جیهان
بانک و ناوەندە داراییە گەورەکانی جیهان بەم شێوازە پێشبینی نرخی زێڕیان بۆ ساڵی 2026 کردووە:
• جەی پی مۆرگان: 5055 دۆلار
• بانکی ئەمریکا: 5000 دۆلار
• بانکی UBS: 4500 دۆلار
• دۆیچە بانک: 4450 دۆلار
• مۆرگان ستانلی: 4400 دۆلار
• گۆڵدمان ساکس: 4000 دۆلار
هەرچەندە پێشبینییەکان جیاوازن لە یەکتر، بەڵام یەک شت روونە، نرخی زێڕ لە سەرووی 4000 دۆلار پێشبینی بۆکراوەو ئەستەمە بگەڕێتەوە بۆ کەمتر لەو ئاستە. تەنانەت ئەو ناوەندە داراییانەش کە زۆر بە وریاییەوە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیان کردووە، نایشارنەوە، تووندبوونەوەی ناکۆکییە جیوسیاسی و جیوئابوورییەکان، دەتوانێت نرخی زێڕ بەڕیژەی بەرچاو بەرزبکاتەوە.
چوار سیناریۆ بۆ ساڵی 2026
بە لەبەرچاوگرتنی راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ و زانیارییەکانی ئاژانسی بلۆمبێرگ و کۆمپانیای راوێژکاریی (ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس)، 4 سیناریۆ بۆ نرخی زێڕ بەدیدەکرێن:
1. سەقامگیری ئابووریی، جێگیربوونی نرخی زێڕ
ئەگەر پێشبینییەکان بۆ گەشەی جیهان، هەڵاوسان و سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەدیبێن، بۆ نموونە وەک چۆن پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە 2026 سوودی بانکی دابەزێنێت بۆ نزیکەی 3.0% تاوەکو 3.5% و، گەشەی ئابووری جیهان لە نزیکەی 3.2% بمێنێتەوە و بەهای دۆلاری ئەمریکیش کەمێک بەرزتربێتەوە، پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەبکرێت و جێگیربێت و ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا نەیێت.
2. پاشەکشەی کەمی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە رێژەی 5% - 15%
سستبوونەوەی لەسەرخۆی بازاڕی کاری ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست و دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد، وەبەرهێنەران هاندەدات روو لە کڕینی زێڕ بکەن وەک خۆپاراستن لە ناڕوونییەکانی بازاڕ. ئەو هۆکارانە دەتوانن دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی بەدوا دابێت. لەم کاتەدا نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە نزیکدەبێتە لە پێشبینیەکانی بانکی UBS و دۆیچەبانک و نزیکدەبێتەوە لە 4500 دۆلار.
3. متبوونی ئابووری جیهان، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە رێژەی 15% - 30%
پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی زۆر بەرچاو و خێرایی نرخی زێڕ ئەوکاتە روودەدەن کە کێشە جیوسیاسی و جیوئابوورییەکان بە چەشنێک تەشەنە بکەن کە ئابووری جیهان بەرەو متبوون و سستبوونەوەی قووڵ هانبدەن. لە دۆخێکی وەهادا متمانە لە بازاڕە داراییەکانی جیهان دا نامێنێت و بانکی ناوەندیی ئەمریکاش ناچاردەبێت بەڕیژەیەکی زیاتر سوودی بانکی کەمبکاتەوە و بەشێکی زۆری سەرمایە لەو بازاڕانە هاندەدرێن بەرەو بازاڕی زێڕ. لە بارودۆخێکی وەهادا نرخی زێڕ دەتوانێت بەرزبێتەوە تەنانەت بۆ زیاتر لە بەرزترین پێشبینییەکان و دەکرێ تاوەکو 5500 دۆلاریش بەرزبێتەوە.
4. بووژانەوەی ئابووری، دابەزینی زێڕ بە رێژەی 5% - 20%
تەنیا سیناریۆک کە پێشبینی دەکرێ بۆ دابەزینی نرخی زێڕ، ئەوکاتە روودەدات کە بەهۆی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپەوە ئابووری ئەمریکا بەرەو گەشەسەندنێکی بەرچاو بڕوات و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکای لێبکەوێتەوە.
سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچار بکات، نەک تەنیا بەردەوام نەبێت لە کەمکردنەوەی سوودەی بانکی، بەڵکو زیادکردنی رێژەی سوودی بانکیش لەبەرچاو بگرێت. لەم کاتەدا پارە لە بازاڕی زێڕەوە بەرەو بازاڕەکانی دیکە ئاراستەی دەگۆڕێت و نرخی زێڕیش بەرەو کەمترین ئاستەکانی دادەبەزێت و ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 4 هەزار دۆلاریش هەیە. واتە پێشبینیەکەی گۆڵدمان ساکس دێنێتەدی.
پێشبینی زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان
هەرچەندە هۆکارە نێودەوڵەتییەکان دەبنە هۆکار بۆ گۆڕانکاری لە نرخی زێڕدا، بەڵام زێرینگرانی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە پێشبینی نرخی زێڕ بۆ ساڵی داهاتوو دەکەن و بیروڕاکانیان سەرنجڕاکێشن.
یونس سەید ئەحمەد، زێرینگری دهۆک کە خوێندنەوەیەکی ئەکادیمیانەی بۆ بازاڕی زێڕ هەیە، ئاماژە بە پێشبینی بانکەکان دەکات بۆ نرخی زێر لە نزیکەی 4500 تاوکو 5000 دۆلار لە ساڵی دهاتوودا، بەڵام دەڵێت ئەو پێشبینییانەی کە هەن بۆ نرخی زێڕ، وەک ساڵانی رابردوو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. ئەو پێیوایە نرخی زێڕ زۆر گرێدراوەی دوو هۆکارە، سوودی بانکی لە ئەمریکا و رووداوە جیوسیاسییەکان و، بەتایبەتی ئاماژە بە کۆبوونەوەی رۆژی 10ی ئەم مانگەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەدات کە لێدوانەکانی دەتوانن ئاراستەی نرخی زێر بۆ ساڵی داهاتوو دەستنیشان بکەن. یونس سەید ئەحمەد دەڵێت لە هەموو دۆخێکدا ئەستەمە نرخی زێڕ دابەزێتەوە بۆ کەمتر لە 3750 دۆلار و 4000 دۆلار.
سالار حاجی عومەر، زێڕینگری سلێمانی ئاماژە بە دوورکەوتنەوەی چین لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەدات و دەڵێت ئەگەر نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان بشکێت، نرخی زێڕ نەک تەنیا ئاستە بەرزرەکانی نزیک 4200 دەپارێزێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانێت بەرزبێتەوە بۆ 5000 و سەرووی 5000 دۆلاریش.
حاجی سەعد جەلال، زێرینگر لە هەولێر دەڵێت نرخی زێڕ بەپێی پێشبینی بانکەکان لە کۆتایی 2026 دەگاتە 4900 دۆلار تاوەکو 5000 دۆلار. ئەو زێرینگرە دەڵێت ئەگەر کێشە جیوسیاسییەکانی وەک شەڕی ئۆکراینا یان هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ڤەنزۆیلا هێور ببنەوە، کاریگەری پێچەوانە لەسەر نرخی زێڕ لە ساڵی داهاتوودا بەجێدەهێڵن.
شێخ وریا، زێرینگرێکی دیکەی هەولێرە دەڵێت، کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا و دابەزینی نرخی دۆلار و سەختبوونی رووداوە جیوسیاسییەکان، نرخی زێڕ لە ساڵی داهاتوودا بەرزدەکەنەوە بۆ نزیکەی 5000 دۆلار.