ئایا نرخی تمەن زیاتر دادەبەزێت؟
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم مانگە، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازادی دراوەکان لە تاران گەیشتە نزیکەی 93 هەزار تمەن؛ ئاستێک کە نە تەنیا رەنگدانەوەی سستبوونی ئابووری ئێرانە، هاوکات ئاماژەیە بۆ نەمانی متمانە بە دراوی نیشتمانی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی دراوی نیشتمانی ئێران لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە. ئەمە یەکەم جار نییە ئێرانییەکان دابەزینی بەرچاوی دراوی نیشتمانی خۆیان دەبینن، بەڵام ئەم جارەیان، دابەزینەکە هۆکارەکەی تێکەڵەیەکە لە هەڵاوسان، گەمارۆکان و چەقبەستوویی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان.
نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەن لە بازاڕی ناسراوی فێردەوسی (بازاڕی فیزیکیی دۆلاری ئێران) کە بە نرخی بازاڕی ئازاد دەناسرێت، ئێستا زیاتر لە حەوت هێندەی ساڵی 2020 بەرزترە، ئەو کاتەی کە یەک دۆلار بە 13 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا. دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی ئەم رۆژانە تەنیا بەشێکی بچووکە لە کێشە گەورەکانی هاووڵاتیان لە ئێران. چیرۆکە راستەقینەکە، کەمبوونەوەی هێزی کڕینی هاووڵاتیانە، گوشاری دەروونی سەر خێزانەکان و ئەو گۆڕانکارییانەیە کە وایکردووە خەڵکێکی زۆر لە جیاتی گرنگیدان بە دراوی نیشتمانی، روو لە هەڵگرتنی دۆلار و دراوە دیجیتاڵییەکان بکەن.
دراوێک لەژێر گەمارۆدا
بازرگانانی دراو و ئابووریناسان لە ئێران ئاماژە بە یەک کێشەی بنەڕەتی دەکەن، ئەویش دژایەتی درێژخایەن و مێژوویی نێوان بنەما ئابوورییەکانی ئێرانە لەگەڵ راستییە سیاسییەکان. گەورەترین دابەزینی مێژوویی نرخی تمەن کە بەهۆی گرژییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا روویدا، سەرەتای وەرزی بەهای ئەم ساڵ بوو کە نرخی یەک دۆلار 106 هەزار تمەنی تێپەڕاند.
ئایا تمەن دادەبەزێتەوە بۆ کەمترین ئاستە مێژووییەکانی؟
محەممەد پارسانەژاد، ئابووریناس و شارەزای ئاستبەرزی ئابووریی لە تاران، پێیگوتم: "سەرەتای وەرزی بەهار، نرخی دۆلار 100 هەزار تمەنی تێپەڕاند، بەڵام دوای تۆمارکردنی ئەو ئاستە مێژووییە، هەندێ لە بازرگانانی دراو گرەویان لەسەر ئەوە کرد کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، سەرئەنجام دەگاتە ئەنجام. لەبەر ئەوە دەستیان بە فرۆشتنی دۆلار کرد و یەکەم جووڵەی خۆراستکردنەوەی تمەن ئەو کاتە دەستیپێکرد".
دوای شەڕی 12 رۆژیی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل و، سەرئەنجام راگەیاندنی ئاگربەست، بەهای تمەنی بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتەوە دەوروبەری 87 هەزار تمەن، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای تمەن زۆری نەخایاند. لەگەڵ بەردەوامبوونی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئیران و دووبارە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، متمانە بە تمەن جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کرد و خواستی بۆ دۆلاری ئەمریکی و دراوە دیجیتاڵییەکان لە بازاڕی ئیران بەرزکردەوە.
هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی ئێران
سیستەمی دوو نرخیی بوونی دراو لە ئێران، سەری لە بازرگانان و هاووڵاتیان و کۆمپانیا ئێرانییەکان شێواندووە. بانکی ناوەندیی ئێران نرخێکی فەرمی بۆ دۆلاری ئەمریکی هەیە. ئەوەش نرخی ئەو دۆلارەیە کە دەیداتە کۆمپانیاکان کە نرخێکی پاڵپشتیکراوە بۆ ئەوەی بتوانن هەندێ پێداویستی بنەڕەتی هاووڵاتیان لە دەرەوە هاوردە بکەن و بازاڕی ئەو وڵاتە رووبەڕووی کەمی کاڵاو شتومەکی هەستیار نەبێتەوە.
نرخی فەرمیی دۆلاری پاڵپشتیکراوی بانکی ناوەندیی ئێران، ئێستا نزیکەی 70 هەزار تمەنە کە زۆر دوورە لە نرخی بازاڕی ئازاد. هەرچەندە ئەمە سیاسەتێکە کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانە لەسەر کاڵا سەرەکییەکان، بەڵام لە کۆتاییدا وایکردووە هاوردەکاران و بازرگانان خۆیان لە دوو واقیعی ئابووریی زۆر جیاوازدا ببینن. بانکی ناوەندیی ئێران سەرنجی خۆی خستووەتە سەر نرخی فەرمیی پاڵپشتیکراو و گرنگییەکی ئەوتۆ بە کۆنترۆڵکردنی نرخی بازاڕی ئازاد نادات. ئەم سیاسەتە، هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک کەرتی ئابووری دەپارێزێت، بەڵام کارێکی ئەوتۆ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی گشتی بە دراوی نیشتمانی ناکات. بگرە زیاتر لاوازیی بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییەکانی دیکەی ئیران پێشاندەدات بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە تمەن.
گەمارۆ، هەڵاوسان و تەڵەی نەوت
لە دڵی قەیرانی دراو لە ئێران دا، کێشەی درێژخایەنی کەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕەکان دا هەیە. داهاتی نەوتی ئێران کە سەردەمانێک دەماری سەرەکیی دابینکردنی دراوی بیانی بوو، لەژێر کاریگەریی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا، بەشێوازێکی بەرچاو کەمیکردووە. هەرچەندە ئێران لە سەرەتای ساڵی 2023 دا رۆژانە نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام هێشتا زۆر لە ئاستی پێش گەمارۆکانەوە دوورە کە 2.5 ملیۆن بەرمیل بوو. ئەو کەمبوونەوەیە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتە ئابوورییەکان بەجێهێشتووە، لە دەرمانەوە بگرە تاوەکو بازرگانیی بچووک و مامناوەند.
خواست بۆ دۆلار لە بازاڕی ئیران زۆرە، بەڵام بەپێی پێویست دابین ناکرێت. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە هاوردەکاران بۆ دەستکەوتنی دراوی بیانی رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و هاووڵاتیانیش خۆیان لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستییەکانیان دەبیننەوە. بەتایبەت نرخی ئەو کاڵایانەی کە پەیوەستن بە بازاڕی جیهانییەوە.
پارسانژاد پێیوایە "ئەگەر هیچ ئاسۆیەک بۆ دەرچوون لە گەمارۆکان بەدینەیێت، هیوایەکی کەم هەیە ئەم دۆخە بەم زووانە بگۆڕێت".
هەڵاوسان، بازاڕ و ئابووری ئیرانی لە چەند ساڵی رابردوودا وێرانکردووە. لە کاتێکدا ئامارە فەرمییەکان باس لە رێژەی نزیکەی 35% دەکەن، شارەزایانی سەربەخۆ، وەک ئەوانەی کە لە رۆژنامەی نێوداری (دونیای ئیقتساد) شرۆڤەکانیان بڵاودەکەنەوە، باس لەوە دەکەن رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە نزیکەی 50% ـە. نرخی کاڵا سەرەکییەکانی وەک برنج و گۆشت لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە. ئەنجامەکەشی پێشبینیکراوە؛ تمەن بەهای خۆی خێراتر لەدەستدەدات، خەڵکیش بە دوای پەناگەی ئارامتردا دەگەڕێن بۆ پاشەکەوتەکانیان، ئینجا ئەو پەناگەیە زێڕبێت، یان دراوی بیانی یان دراوە دیجیتاڵییەکان.
داهاتووی تمەن بەرامبەر دۆلار
سەرەڕای بەرزبوونەوەی رێژەیی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار لە هاوینی ئەم ساڵ دا، زۆربەی هێماکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کێشەکانی تمەن کۆتاییان پێنەهاتووە. ئابووریناس و شرۆڤەکارانی ئێرانی پێیانوایە ئەگەر هەڵاوسان زیاتر بەرزببێتەوە یان گرژییە سیاسییەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئیران تووندتر ببنەوە، نرخی دۆلار بە ئاسانی دیسان 100 هەزار تمەن تێدەپەڕێنێت.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر رەوشی سیاسی و پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بەرەو باشی بڕوات. تەنانەت لەو کاتانەش دا، بەپێی شارەزایانی ئابووری، ئەستەمە نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن دابەزێت بۆ کەمتر لە 85 هەزار تمەن.
تاوەکو بارودۆخی سیاسی باش نەبێتەوە و گەمارۆکانی سەر ئیران سووک نەکرێن، ئاراستەی درێژخایەنی تمەن روونە. کورتهێنانی بودجەی حکومەت، هەمیشە بووەتە هۆی چاپکردنی پارە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە، ئەوەش هەڵاوسانی بەردەوام بەرزکردووەتەوە.هەر لەو چوارچێوەیەدا، نەختینەی تمەن ساڵانە بە رێژەی 40% زیادیکردووە، ئەمەش گوشاری هەڵاوسانی زیاتر کردووە. لە هەمان کاتدا، هەناردەی نا نەوتی ئێران کە وەک دەریچەیەک بۆ دەربازبوون لە کەمی داهاتی نەوتەوە چاوی لێدەکرێت چەقی بەستووە. هێشتا قەبارەی هاوردەکاری ئیران زیاترە لە هەناردەکاری و ئەوەش گوشاری سەر تمەنی دوو هێندە زیاتر کردووە.
ئەگەر بەرپرسانی ئێرانی بیانەوێت رێگری لە داڕمانی دراوی نیشتمانی بکەن، پێویستیان بە زیاتر لە رێگەچارەی کاتییە. پێویستە ئابووری وڵات باشتر بەڕێوەببەن و گۆڕانکاریش لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیان بکەن، بەڵام ئێستا هیچ کام لەمانە دیار نییە. تاوەکو ئەوکاتە، ئەستەمە بەهای تمەن بەرەو بەرزبوونەوەیەکی درێژخایەن و بەردەوام هەنگاو بنێت.